٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پەیامی پیرۆزبایی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ دەزگای سەتەلایتی كوردستان

سەرچاوە: KDP.info

بەڕێزان/ بەڕێوەبەری گشتی و ستاڤی بەڕێوەبردن و سەرجەم كارمەندانی دەزگای سەتەلایتی كوردستان.. بەبۆنەی (20)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی كەناڵی ئاسمانی كوردستان تیڤی(Ktv) گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی ئێوەی بەڕێزو بینەرانی كەناڵی ئاسمانی كوردستان دەكەین، ئومێدەوارین بۆ ساڵی داهاتووش بە هەمان پەیامی بەرپرسانەو دڵسۆزانەتان بەردەوام بن و خزمەتی زیاترو بەرچاوتر بە رەوتی تێكۆشان و خەباتی گەلەكەمان و كوولتوری پێكەوەژیان و تەبایی و برایەتی بگەیەنن.

كەناڵی ئاسمانی كوردستان، كە بە بڕیار و سەرپەرشتی راستەوخۆی سەرۆك مەسعود بارزانی دامەزرا، لەو ماوەی تەمەنی پڕ بەخششی سەلماندوویەتی، كە یەكەمین كەناڵی ئاسمانییە توانیویەتی بە بەرنامەو پلانێكی رێكوپێك و بە پرۆسەیەكی خەمخۆرانە بێتە سەر گۆڕەپانەكەو بێ سرەوتن هەنگاوی ئەرێیانە بنێ و قۆناغێكی نوێ لە كاروانی بواری میدیایی لە هەرێم بخاتەوەو بەرەو پێشەوەی ببات و پیشەوەرانەش مامەڵە لەگەڵ بابەت و هەواڵ و رووداوەكان بكات و بێ جیاوازی هەواڵ و رووداوەكانی پارچەكانی دیكەی كوردستان رووماڵ بكات و رەچاوی شێوەزارە جیاجیاكان بكات، بەمەش ببێتە كەناڵی گشت هاونیشتمانیان و مایەی شانازی و رەزامەندی تەواوی بینەرانی بێت.

كوردستان تیڤی لەو ماوەی تەمەنی كاروچالاكیەكانیدا هەمیشە بڵنگۆی ئازادیخوازوپێشكەوتنخوازان بووە، هەروەها خاوەن سەنگ و پەیامی سیاسی و میدیایی جیاواز بووە، بۆیە هەمیشەش مسداقیەتی خۆی پاراستووەوبەرجەستەكارێكی راستەقینەی مافە نەتەوەیی و نیشتیمانیەكان بووە. ئاشكرایە رۆڵ و كاریگەری میدیا لەو سەردەمەدا چەند هەستیار و گرنگە بەتایبەتیش میدیای بینراو، دیارە لەو رووەوەش (Ktv) هەمیشە شانبەشانی كەناڵەكانی دیكەی میدیایی بەوپەڕی راستگۆیی و رەچاوكردنی ئیتیكی رۆژنامەوانی لە ئاست بەرپرسیاریەتی خۆیدا بووە، بۆێە مایەی رێزو دەستخۆشیە. بەوبۆنەیەوە هەمدیسان پاڵپشتی و پشتیوانی تەواوی خۆمان بۆ دەزگای سەتەلایتی كوردستان بەگشتی و کوردستان تیڤی بەتایبەتی دووپات دەكەینەوەو بە هیوای پێشكەوتن و سەركەوتنی زیاتر لە كارەكانتان..

مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان

هەواڵی پەیوەندیدار