وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، ستایشی پەیوەندییە دێرینەكانی سەرۆك بارزانی و سەرۆكەكانی فەڕەنسا دەكات
هەولێر-KDP.info- لە پرێسكۆنفڕانسێكدا بۆ مێدیاكان، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، ئامانجی سەردانەكەی بۆ هەرێمی كوردستان ئاشكرا كرد و هاوكات دۆستایەتیی نێوان هەر دوو گەلی كوردستان و فەڕەنسایشی دووپات كردەوە.
ژان ئێف لۆدریان، دوای ئەوەی دوێنێ گەیشتە هەرێمی كوردستان و لە لایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستانەوە پێشوازی لێ كرا، ئەمڕۆ لە میانەی پرێسكۆنفڕانسێكیدا بۆ مێدیاكان، رایگەیاند، سەردانەكەی لە ژێر ناونیشانی دۆستایەتی بۆ گەلی كورد بووە.
ئەوەشی گوت، كە سەردانەكەی وەك رێزگرتنێك بووە لە كوردستان و هێزەكانی پێشمەرگە، بەو پێیەی لە شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعشدا سەركەوتنیان بە دەست هێناوە، هاوكات داوایشی لە حكوومەتی فیدڕاڵ كرد، كە دیموكراتییەت لە عێراق دابمەزرێت، لە پێناو مەترسیی سەهەڵدانەوەی داعش، كە لە ئێستادا ئەو مەترسییە بوونی هەیە.
وەزیرەی دەرەوەی فەڕەنسا، ستایشی ئەو پەیوەندییە لەمێژینەییەی سەرۆك مەسعوود بارزانی و سەرۆكەكانی فەڕەنسای كرد و رایگەیاند، پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و فەڕەنسا دێرین و دۆستانەن و شانازیشی پێوە دەكەن.
خێڵان بەختیار




