پارتی دیموكراتی كوردستان هەواڵی كۆچی دوایی هەڤاڵ و مامۆستا(محەمەد مەلا قادر)رادەگەیەنێ
_(1)__2019_01_15_h12m42s11__RM.jpg)
بسم الله الرحمن الرحیم
( مِّنَ الْمُؤْمِنِینَ رِجَالٌ صَدَقُوا مَا عَاهَدُوا اللَّهَ عَلَیْهِ ۖ فَمِنْهُم مَّن قَضَىٰ نَحْبَهُ وَمِنْهُم مَّن یَنتَظِرُ ۖ وَمَا بَدَّلُوا تَبْدِیلًا )
صدق الله العظیم
هاووڵاتیانی بەڕێز
كادیر و ئەندامان وجەماوەری دڵسۆزی پارتیمان..
بە داخ و پەژارەیەكی زۆرەوە هەواڵی كۆچی دوایی تێكۆشەری دێرینی گەلەكەمان، ئەندامی پێشووی مەكتەبی سیاسی پارتیمان مامۆستا(محەمەد مەلا قادر)رادەگەیەنین،
هەڤاڵ(محەمەد مەلا قادر) لە ساڵی 1934 لە هەولێر لەدایك بووە، لە ساڵی 1958پەیوەندی بەریزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان كردووەو هەر لەتەمەنی لاویەوە ئاوێتەی ژیانی سیاسی و پێشمەرگایەتی بووە، هەڤاڵێكی كۆڵنەدەروماندوونەناسی پارتیمان بوو، لەساڵی 1964 بۆتە ئەندامی لیژنەی تەفتیش و موراقەبەی پارتی، لەساڵی 1966 یەكێك بووە لە ئەندامانی ئامادەكاری كۆنگرەی حەوتەمی پارتیمان، ئەو هەمیشە تێكۆشەرێكی دێرینی كوردایەتی و دڵسۆزی رێبازی بارزانی بوو، نموونەی پارتیەكی بەوەفاو شۆڕشگێڕ بووە.
لە ساڵی 1970 بووە بە ئەندامی یەدەگی كۆمیتەی ناوەندی پارتیمان، ئینجا لەساڵی 1974 بووە بە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی، لە ساڵی 1975 دوای نسكۆی شۆڕش ئاوارەی وڵاتی ئێران بووە، لەو قۆناغەشدا بەردەوام بووە لە خەبات و پارتایەتی لە ساڵی 1977 ئەندامی لیژنەیەكی تایبەت بووە بۆ هاوكاری و هاریكاری و كۆمەككردنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و شۆڕشی گوڵانی پێشكەوتنخواز، بەدرێژایی خەباتی رزگاریخوازی گەلەكەمان مامۆستا(محەمەد مەلا قادر)رۆڵی دیاری هەبوو لە قۆناغەكانی شۆڕشدا وەك هەڤاڵێكی كۆڵنەدەروكادیرێكی لێهاتوو دەوری خۆی بینیوە.
هەڤاڵ(محەمەد مەلا قادر)تەمەنێكی پڕاوپری لە خەبات و كۆڵنەدانێكی سەرراست و خۆنەویستانە بەسەربرد، هەمیشە نموونەی دڵسۆزی و كەسایەتی پاك و لەخۆبردوو بوو، كادیرێكی سیاسی قاڵبووی نێو گۆڕەپانی خەبات وتێكۆشانی حزبی وسیاسی بوو، هەربۆیەش لە نێو جەماوەروخەڵكی بەئەمەكی كوردستان مایەی رێزو خۆشەویستی بوو.
ھەڤاڵ محەمەد مەلا قادر لەساڵی 1984 بووە بەئەندامی مەكتەبی سیاسی و هەمیشە خەمخۆرێكی راستەقینەی پارتایەتی و رێبازی بارزانی نەمر بوو، كەسێكی قوربانیدەرو شۆڕشگێر بوو، هەردەم لەخەم و پەرۆشی یەكڕیزیی و سەرخستنی پارتیمان و بەدیهێنانی مافەرەواكانی گەل و نەتەوەكەمان بوو.
لە ساڵی 1991 شانبەشانی هەڤاڵانی پارتیمان رۆڵ و بەشداریەكی كارای هەبووە لە ئامادەسازی و راپەرینە مەزنەكەی گەلەكەمان، ئەوسا بەرپرسی میحوەری سنووری پارێزگای هەولێر بووە، لە ساڵی 1992 لەیەكەمین كابینەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەركی وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئیسلامی پێسپێردراوەو لەو رووەوەش سەركەوتووانە دەوری خۆی بینیوە.
لەساڵی 1993 و لەكۆنگرەی یازدەی پارتیماندا دووبارە بە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی پارتی هەڵبژێردراوەتەوە، ئینجا بووە بە ئەندامی مەكتەبی سیاسی تا كۆنگرەی سێزدەی پارتیمان، هەڤاڵ(محەمەد مەلا قادر)یەكێك بووە لەو پێشمەرگە دێرینانەی بەرامبەر خەبات و كۆڵنەدانی نەپساوەی میدالیای بارزانی نەمری پێبەخشراوە.
هەڤاڵ(محەمەد مەلا قادر) بەدرێژایی تەمەنی پڕ بەخششی خەباتدا بەرپرسیاریتی لقەكانی یەك ودوو و چواروهەشت و هەروەها بەرپرسیاریەتی مەكتەبی كۆمەڵایەتی گشتی و دەستەی چاودیری و بەدواداچوونی هەبووە، جگە لەمانەش، چەندین بەرپرسیاریەتی و ئەركی سەخت و قورسی سیاسی و سەربازی و ئیداری دیكەی پێسپێردراوەودرێغی نەكردووە لە بەئەنجام گەیاندنی گشت ئەو ئەركانە، هەروەها جگە لە خەباتی سیاسی و سەربازی خاوەنی چەندین بەرهەم و كتێبە لەوانەش (بەندنامەی ئاوارە، كۆمەڵایەتی لە كوردستاندا، خەباتنامە، سەربوردە، ساڵێك لە شێخوەسان، سەربوردەی نەمران، دیوانی لاجانی).
لە كۆچی دوایی هەڤاڵ (محەمەد مەلا قادر) بەناوی مەكتەبی سیاسی و ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە سەرەخۆشی لە خۆمان لە خانەوادەوكەسوكاری خواڵێخۆشبوو و تێكۆشەران و هاوخەبات وهاوسەنگەرانی مامۆستاو سەركردەو ئۆرگانەكانی پارتیمان و یەكەیەكەی كادیرو ئەندامانی پارتیمان وخەڵكی كوردستان دەكەین.
ئاسوودەیی بۆ روحی پاكی دەخوازین و دوعاكارین خوای گەورە هەڤاڵ و سەركردە(محەمەد مەلا قادر)بخاتە بەر رەحمەت ودلۆڤانی خۆی و بە بەھەشتی بەرینی شاد بکات.
هەزاران سڵاو لە گیانی پاكی هەڤاڵی تێكۆشەری دێرینی پارتیمان(محەمەد مەلا قادر)رێگای هەمیشە پڕ رێبوار بێ..
(انالله وانا الیه راجعون)
مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
15/1/2019




