٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عەبدولباست سەیدا: پەیەدە شكستی خواردووە

سەرچاوە: KDP.info

دهۆك-KDP.info- سەرۆكی پێشووی ئۆپۆزسیۆنی سووریا ڕایگەیاند، پەیەدە لە هەموو روانگەیەكەوە لە ڕۆژئاوای كوردستان شكستی خواردووە، ئێستایش هەڕەشە و مەترسییەكی زۆر لەسەر ئەم پارچەیەی كوردستان هەیە.

ئێستا رۆژئاوای كوردستان لە ژێر ‌هەڕەشەیەكی گەورەدایە، چونكە پەیەدە تاكلایەنە بڕیارەكان دەدات و بووەتە هۆكاری چەندین شكستی كورد لەو ناوچەیەدا.

لەو بارەیەوە، عەبدولباست سەیدا، سەرۆكی پێشووی ئۆپۆزسیۆنی سووریا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "رۆژئاوای كوردستان لەناو هاوكێشە سیاسییە نێودەوڵەتییەكان و وڵاتە زلهێزەكاندا، پێویستی بە پشتیوانییە، جا چ لە دەرەوە و چ لە ناوخۆیش، بەڵام ئیدارەی پەیەدە تاكلایەنە بڕیار دەدات و بووەتە هۆی ئەوەی خەڵكی رۆژئاوای كوردستان لە مەترسییەكی گەورەدا بن".

سەیدا، گوتیشی: "ئیدارەی پەیەدە بووەتە ڕێكخۆشكەر بۆ وڵاتان تا دەست بخەنە نێو كاروباری كوردەوە، هەر ئەو هێزەش بوو وای كرد چیدیكە رژێمی سووریا و ئۆپۆزسیۆنیش بڕوایان بە دۆزی كورد لەو پارچەیەدا نەبێت، ئەمەیش مەترسییەكی گەورەیە بۆ سەر چارەنووسی كورد لە رۆژئاوا".

پەیەدە، ماوەیەكە خۆی نزیكی ڕژێمی ئەسەد كردووە و ڕێككەوتن لەگەڵیاندا دەكات و چەندین ناوچەیشی ڕادەست كردوون، بەڵام ئامادە نییە لەگەڵ كورد ڕێك بكەوێت. سەیدا وا دەڵێ.

سەرۆكی پێشووی ئۆپۆزسیۆنی سووریا، ئاماژەیشی دا: "هەموو شكستەكان لە ئەستۆی پەیەدەن، ئەوان بوونەتە هۆكاری ئەوەی یەك ملیۆن كورد لە رۆژئاوا كۆچ بكەن، لە سەرووی هەموویشیانەوە ڕێگە نادەن كورد ڕۆڵی لە رۆژئاوا هەبێت و پێشمەرگەی رۆژ بگەڕێنەوە ناوچەكانیان و پارێزگای لە ڕۆژئاوای كوردستان بكەن".

سەرۆك بارزانی، چەندین جار نیگەرانیی خۆی دەربارەی ئەو ڕەوشەی كە لە سووریا هەیە، دەربڕیوە.

عەبدولباست دەشڵێ: "سەرۆك بارزانی لە ڕێككەوتنەكانی دهۆك و هەولێردا چەندین دەستپێشخەریی كردوون، چونكە هەمیشە سەرۆك بارزانی ئەو كاراكتەرە سیاسییە گەورەیەیە كە پشتیوانی لە گەلی كورد لە رۆژئاوا كردووە و دەكات، بەڵام پەیەدە هیچ دەستپێشخەرییەك لەگەڵ هیچ كوردێك قەبووڵ ناكات، ئەگەر ڕێككەوتنەكانی دهۆك و هەولێریشی جیبەجێ كردبان، گەلی كورد نەدەكەوتە ژێر ئەم هەموو هەڕەشانەوە".

لە ژێر چاودێریی سەرۆك بارزانی، ئەنەكەسە و تەڤدەم لە رێككەوتنی دهۆك و هەولێردا گەیشتنە رێككەوتنێك بۆ چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی رۆژئاوای كوردستان، بەڵام دواتر تەڤدەم لە رێككەوتنەكە پاشگەز بووەوە.

كــاروان بـــاعەدری

 
 
 

 

هەواڵی پەیوەندیدار