٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لە نێو خانەقین هەڕەشە لە کوردان دەکرێت

سەرچاوە: KDP.info

خانەقین-KDP.info- بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین لە باسی ڕەوشی خانەقیندا دەڵێ، ئێستا لە نێو خانەقین هەڕەشە لەسەر کوردەکان هەیە و هێزە عێراقییەکانیش بێدەنگن.

شێخ جەعفەر مستەفا، بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ: "پێشتر گرووپە چەکدارەکان بە ناوی داعش لە گوندەکانی دەوروبەری خانەقین ھەڕەشەیان لە کوردەکان دەکرد و خەڵکی زۆرینەی گوندەکان ماڵوحاڵی خۆیان جێ ھێشتووە و نزیکەی ١٥ گوندیش ھەر چۆڵ کراون و ئێستا دوای گوندەکان ھەڕەشەکان گەیشتوونەتە نێو خانەقین و گرووپی چەکداریی ٢٠ کەسی دروست بوونە و لە نێو خانەقین تەقە لە خەڵکی دەکەن و پێش دوو ڕۆژیش تەقەیان لە دوو مێردمنداڵ کرد و بریندار بوون، ئەمڕۆش بە ھۆی سەختیی برینەکەی یەکێکیان گیانی لە دەست دا."

شێخ جەعفەر گوتیشی: "هێزە عێراقییەکان لە ئاست ھەڕەشەکان بێدەنگن و ھیچ کاردانەوەیان نییە."

باسی لەوەش کرد: "پێویستە بەپەلە چارەیەک بۆ ئەو دۆخە بدۆزرێتەوە و ھێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە، چونکە ھەموو پێکھاتە و نەتەوەکان داوای گەڕانەوەی پارتی و پێشمەرگە بۆ خانەقین دەکەن."

شێخ جەعفەر دەشڵێ: "بە ھۆی ئەو ھەڕەشانەوە لە ماوەی ڕابردوودا زیاتر لە٦٠٠ ماڵ ناوشاری خانەقینیان جێ ھێشتووە، جگە لەوەی گوندەکانیش چۆڵ کراون."

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار