٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەڕێوەبەری بەنداوەكان: ھەموو بەنداوەكان پڕ ئاو بوون.. شوێنی ٢٤٠ بەنداو‌مان دیاری كردووە

سەرچاوە: KDP.info

 

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری بەنداوەكانی ھەرێمی كوردستان گوتی، بارینی بارانی ئەمساڵ، سوودی زۆری ھەبووە و لە ھەموو بەنداوەكاندا ئاوی پێویست گل دراوەتەوە. دەشڵێ، پلان ھەیە ٥٠ بەنداوی دیكە دروست بكرێن، كە ١٨ بەنداویان زۆر گەورەن.

ئەكرەم ئەحمەد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەو بارانە زۆرەی ئەمساڵ لە ھەرێمی كوردستان باریوە، سوودی زۆری ھەبووە و ھەر لە ئێستاوە ھەموو بەنداوەكان پڕ ئاو بوون، بە تایبەت بەنداوی دوكان".

ئەحمەد گوتیشی: "لە ھەرێمی كوردستان ١٧بەنداوی گەورە و ١٤بەنداوی بچووكمان ھەن، ھەمووی ئاوی پێویستیان بۆ بەكارھێنان تێدا ھەیە و ھیچ گرفتێكمان نییە لە گلدانەوەی ئاو و ھەر بەنداوێكیش بەپێی پێداویستیی خۆی ئاوی ھەڵگرتووە".

بەڕێوەبەری بەنداوەكانی ھەرێمی كوردستان، باسی لەوەش كرد: "ئەو ئاوەی گل دەدرێتەوە، بۆ چەندین كاری پێویست بەكار دەھێندرێت، لەوانە خواردنە و كشتوكاڵ و لە دوكان و دەربەندیخانیش بۆ كارەبا بەكار دێت، بۆیە لە ھەر شوێنێك پێویستیمان پێی ھەبێت، بەكار دەھێندرێت".

دەشڵێ: "پلانمان ھەیە لە داھاتوودا ئاوی زیاتر گل بدرێتەوە، چونكە بەنیازین بەنداوی زیاتر دروست بكەین و لە ئێستایشدا شوێنی ٢٤٠ بەنداومان دیاری كردووە، كە ٥٠ لەوانە دیراسە كراون بۆ ئەوەی دروست بكرێن و ١٨ بەنداویشیان زۆر گەورەن".

ئاماژەیشی دا: "دەمانەوێت ھەندێك بەنداوی دیكە دروست بكەین، بۆ ئەوەی زیاتر لە بەرھەمھێنانی كارەبادا سوودیان لێ وەرگرین، بۆ ئەو مەبەستەیش داوای بودجەی تایبەتمان كردووە، بەڵام بە ھۆی قەیرانی داراییەوە بۆمان خەرج نەكراوە و چاوەڕێ دەكەین لە كابینەی نوێدا بودجەمان بۆ خەرج بكرێت و بەنداوی نوێ دروست بكەین".

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار