٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

یەكێتیی پەرلەمانتاران: ناكرێ ھەندێك لایەن بیانوو بگرن و دۆسیەكان تێكەڵ بكه‌ن

سەرچاوە: KDP.info

 

ھەولێر-KDP.info- سەرۆكی یەكێتیی پەرلەمانتارانی كوردستان دەڵێ، تێكەڵكردنی دۆسیەكانی كەركووك و بەغدا بە دانوستانەكانی پێكھێنانی كابینەی نوێ، دەبێتە ھۆی ئەوەی پێكھێنانی حكوومەت دوا بكەوێت، چونكە ئەستەمە بتواندرێت بە یەك جار ھەموو دۆسیەكان یەكلا بكرێنەوە.

نیعمەت عەبدوڵڵا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، ڕایگەیاند: "پێویستە سوود لە ئەزموونی پێشووی خۆمان وەرگرین، چونكە تاوەكو ئێستا ئەمە نۆیەم كابینەیە دروست دەكرێت لە ھەرێم و ھەر كەموكوڕییەكمان ھەبێت، لایبدەین و لە كابینەی نوێدا چارەیان بكەین، بۆیە دوای ١٠٠رۆژ ھێشتا كابینە پێك نەھێندراوە و پێویستە پەلە بكرێت، لەبەر ئەوەی تەنیا ناوخۆی ھەرێم نییە و لە دەرەوەی ھەرێم و لە عێراق و ناوچەكەدا گۆڕانكاریی گەورە دەكرێن و پێویستە ھەرێم سوودیان لێ وەرگرێت، بۆیە پێویستە لایەنەكان رەچاوی دۆخی ھەرێم بكەن".

عەبدوڵڵا گوتیشی، لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، خەڵكی كوردستان چەندین قەیرانی سەختی ئابووری و شەڕی داعش و ھاتنی ئاوارەكانی تێپەڕاندووە، بۆیە چاویان لەوەیە حكوومەتی نوێی ھەرێمی كوردستان قەرەبووی ئەو ساڵانەیان بۆ بكاتەوە، لەبەر ئەوە پێویستە لایەنەكان سازش بۆ یەكتر بكەن و بە ڕوونی كێشەكان لەسەر مێزی گفتوگۆ بخەنە ڕوو و چارەیان بكەن، بۆ ئەوەی رێز لە دەنگی خەڵك بگیرێت و ھەوڵی باشتر كردنی بژێویی ژیانی خەڵكی كوردستان بدەن، بۆیە ھەموو لایەنەكان بەرپرسیارەتییان لەسەر شانە.

دەشڵێ: "ھەندێك لایەن ناكرێ بیانوو بگرن لە پێكھێنانی كابینەی نوێ و ھەموو دۆسیەكانی كەركووك و بەغدا تێكەڵ بە كابینەی نوێ بكەن، چونكە یەكلاكردنەوەی ھەموو دۆسیەكان بەیەكەوە ئەستەمە و دۆسیەكانیش لێك جیان، بۆیە پێویستە سەرەتا كابینەی نوێ دروست بكرێت ئینجا قسە لەسەر دۆسیەكانی دیكە بكرێت، بۆیە ئەستەمە بتواندرێت ھەموو دۆسیەكان بە یەك جار یەكلا بكرێنەوە، ئەمەش وا دەكات پێكھێنانی كابینەی نوێ دوا بكەوێت".

سەرۆكی یەكێتیی پەرلەمانتاران، هەروەها ئەوەشی خستە ڕوو: "چاوەڕێی پێكھێنانی كابینەی نوێ دەكەین و ھەر كاتێك دروست كرا، پڕۆژەمان ھەیە بۆ باشتركردنی كابینەی نوێ، بۆیە ئێمە چەندین جار ھەوڵمان داوە پەلە لە پێكھێنانی حكوومەتی نوێی ھەرێمی كوردستاندا بكرێت".

 

بڵند ئیبراھیم

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار