پەرلەمانتارێكی عێراق: دەبێ ماددەی ١٤٠ وەك خۆی جێبەجێ بكرێت

ھەولێر-KDP.info- بڕیارە ئەمساڵ نووسینگەكانی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان بكرێنەوە و پەرلەمانتارێكیش دەڵێ، دەبێ ماددەی ١٤٠ی دەستوور، وەك خۆی جێبەجێ بكرێت.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتی: "بە ڕەزامەندیی سەرۆكی پەرلەمان، بە فەرمی نووسراومان بۆ سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق كردووە بۆ كردنەوەی نووسینگەكانی ماددەی ١٤٠ی دەستووری ھەمیشەیی عێراق لە ناوچەكانی مووسڵ و كەركووك، تا ئەو ھاووڵاتیانەی ماددەكە دەیانگرێتەوە، سوودمەند بن لە قەرەبووی حكوومەتی عێراق، چونكە ساڵانی ڕابردوو قەرەبووی ماددەی ١٤٠ لە ناوچەكانی دیكەی عێراق بەردەوام بووە و تەنیا نووسینگەكانی كەركووك و نەینەوا داخرابوون، بۆیە ئەو ھاووڵاتیانەی لە سنووری ھەردوو پارێزگای نەینەوا و كەركووكن، زەرەرمەند بوونە."
ئەندامەكەی ئەنجوومەنی نێنەران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، دەڵێت: "ماددەی ١٤٠ ھەموو عێراق دەگرێتەوە، بەداخەوە ستەمێكی زۆر لە ھەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكانی نەینەوا و كەركووك كراوە، لەبەر ئەوەی قەرەبووی ماددەی ١٤٠ لە ھەموو عێراق بەردەوام بووە و تەنیا لەو سنوورانەی باسم كردن قەرەبووكردنەوە نەبووە. ئێمە ژمارەیەك پەرلەمانتارین كە عەرەبی سوننەیشمان لەگەڵن، لە ھەوڵداین ئەمساڵ نووسینگەكانی ١٤٠ لە كەركووك و نەینەوایش بكرێنەوە و دەست بە كارەكانیان بكەن."
دووبەردانی ڕوونی كردەوە: "ئەمساڵ نووسینگەكان دەكرێنەوە و ھەر كەسێك لە سەردەمی ڕژێمی پێشوو تا كاتی لەناوچوونی ڕژێمی بەعس زیانی پێ گەیشتبێت، بەپێی یاسا و دەستوور مافی قەرەبووكردنەوەی ھەیە، بە تایبەتی ھەندێ ناوچە ھەن لەگەڵ قەرەبووكردنەوەدا ڕەوشەكەیان ئاسایی دەكرێتەوە بۆ دیاریكردنی چارەنووسیان، ئێمە پێشتر و ئێستایش جیددین لەسەر ئەوەی دەبێ ماددەی ١٤٠ی دەستوور وەك خۆی جێبەجێ بكرێت."
قائید میرۆ




