٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

جێگیرکردنی ھێزی ئەمەریکا لە کەرکووک کاریگەریی لەسەر ڕەوشی ئەمنی دەبێت

سەرچاوە: KDP.info

كەركووك-KDP.info- ڕەوانەکردنی ھێزی ئەمەریکا بۆ سەربازگەی کەیوەنی کەرکووک کاریگەریی لەسەر ڕەوشی ئەمنیی شاری کەرکووک دەبێت و بە گوتەی بەرپرسێکی ئەو شارەش گرووپەکانی حەشد و ئەمەریکا دانوویان پێکەوە ناکۆڵێت و پێشبینیی چۆڵکردنی کەرکووک لە لایەن میلیشیاکانەوە دەکرێت.

عەدنان کەرکووکی، گوتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارێزگای کەرکووک_ گەرمیانی پارتی ئاشکرای کرد: "جێگیرکردنی ھێزی ئەمەریکا لە سەربازگەی کەیوەنی نزیک شاری کەرکووک کاریگەریی لەسەر ڕەوشی ئەمنیی کەرکووک دەبێت، چونکە پێویستە ئەو گرووپە چەکدارە میلیشیایانەی ئێستا لە نێو کەرکووکدا نەمێنن و دەربچن لە ناوچەکە، ھەتا لە بەرنامەی حکوومەتی عێراقیشدایە شارەکان لەو میلیشیایانە چۆڵ بکرێن، ئەوەیشی ئێستا لە کەرکووک ھەیە زیاتر چەکداری حەشدی شەعبین، تەنیا لەنێو سەنتەری شاری کەرکووک ٢٤ جۆر حەشدی تێدایە، ھەروەھا حەشدی عەشایەری و سێ فیرقەی پۆلیسی فیدڕاڵ، ئەوە جگە لە دژەتیرۆر و چەند ھێز و تاقمی دیکەش."

بەرپرسەکەی پارتی لە کەرکووک بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "کەرکووک تاکە شاری عێراقە ئەو ھەموو گرووپە ھەمەجۆرەی تێدا بێت، جێگیربوونی ھێزی ئەمەریکا لە کەرکووک دەبێتە ھۆکار بۆ ئەوەی گرووپە میلیشیاکان نەھێڵن لە شارەکە. لەبەر ئەوەش، ژمارەیەک لەو گرووپانە بە فەرمی دژایەتیی خۆیان بۆ ھێزەکانی ئەمەریکا ڕاگەیاندووە، وەک نوجەبا و کەتیبەی ئیمام عەباس و عەسائیب ئەھلولحەق و فیرقەی ئیمام عەلی و چەندانی دیکەش."

چەند ساڵێک پێشتر، ئەوکاتەی ھێزی مارێنزی ئەمەریکا لە عێراق بوون، شەڕ و پێکدادان لە نێوان ئەمریکییەکان و ھێزەکانی شیعەی سەر بە موقتەدا سەدر ڕووی دا. عەدنان کەرکووکی ڕوونی کردەوە: "زۆرێک لەو ھێزانەی ئێستا لە کەرکووکن دانوویان لەگەڵ ئەمریکییەکان ناکوڵێت، ھەم ئەمەریکا دژی ئەو ھێزانەیە و ھەم ژمارەیەک گرووپی سەر بە حەشد دژی ئەوەن کە ئەمەریکا لە عێراق بمێنێت، ھەتا داوایان کردووە ھێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق دەربچن."

قائید میرۆ


 

هەواڵی پەیوەندیدار