دانا جەزا: پەیوەندی و دانیشتن ھەیە و گەییشتن بە رێككەوتنیش چاوەڕوانكراوە

بەغدا-KDP.info- لە دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەراندا، یەكێك لە خاڵەكان پرسی بودجەیە، ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانیش ڕایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ یەكلاكردنەوەی پرسی بودجە بڕیاری لەبارەوە نادرێ. دەشڵێ: "كارتی خۆمان بەكار دێنین، بۆ ئەوەی بتوانین زۆرترین دەستكەوت بۆ ھەرێمی كوردستان بە دەست بھێنین".
لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا، یەكێك لەو پرسانەی كە باس دەكرێت، پرسی بودجەیە، بەڵام وەك ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەران، ئاماژەی دا، ئەمڕۆ ئەوەی لە بەرنامەی كۆبوونەوەكەدا ھاتووە، یەكێك لە خاڵەكان پرسی بودجەیە، بەڵام باسی بڕیاردانی تێدا نییە، تەنیا گفتوگۆی ئەو بابەتە دەكرێت، واتا بڕیاری لەبارەوە نادرێت.
سەبارەت بە گفتوگۆی نێوان شاندی ھەرێم و بەغدا لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە، دانا جەزا، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "كاتی خۆی شاندەكە ھێڵی گشتییان داناوە، دوای پێكھێنانی كابینەی حكوومەتیش، شاندی ھەردوولا كۆبوونەوەیان لەو بارەیەوە كردووە، لەگەڵ كوتلە و نوێنەری كوتلە كوردستانییەكان و حكوومەتی عێراق و وەزارەتی دارایی، ھێڵی گشتییان داناوە و لەسەر ھەندێك خاڵی گشتی رێككەوتن ھەبووە، ئەوەی ماوەتەوە مەسەلە گرینگەكانن، وەك رێژەی ھەرێمی كوردستان لە پشكی بودجە و پارەی فەرمانبەران و پێشمەرگە، كە ئەوانە سێ تەوەری گرینگن، جگە لەوەی كە دەبێ مافی جووتیاران و پشكی دەرمانیش لە بودجە دیاری بكرێت، بۆیە پەیوەندی و دانیشتن ھەیە، مەرجیش نییە ھەمووی لە ڕاگەیاندنەكان باس بكرێت، گەییشتن بە رێككەوتنیش چاوەڕوانكراوە".
جەزا ڕاشیگەیاند: "ئێمە وەك فڕاكسیۆنی پارتی، گوشارێكی سیاسی دەكەین و كارتی خۆمان بەكار دێنین بۆ ئەوەی بتوانین زۆرترین دەستكەوت بۆ ھەرێمی كوردستان بەدەست بھێنین، پێشبینی دەكەم بودجەی ھەرێمی كودستان لە میزانییەی عێراق ئەمساڵ زۆر باشتر بێت لە پار و پێرار و، گوزەرانی ھاووڵاتیانیش بەرەو باشتر بچێت".
ھەر سەبارەت بە یەكلاكردنەوەی پڕۆژە یاسای بودجە، د. مەیادە نەجاڕ، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و بڕیاردەری فڕاكسیۆنی پارتی، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "كۆبوونەوە لە نێوان شاندی ھەرێم و بەغدادا كراوە، كۆبوونەوەی تریش دەكرێن، بۆیە ئێستا لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لەگەڵ لیژنەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە گفتوگۆ و كۆبوونەوەدان بۆ ئەوەی ھەموو لایەك مافی یاسایی خۆی وەربگرێت".
د. مەیادە ئاشكرایشی كرد: "ئەمڕۆ پڕكردنەوەی وەزارەتەكان گفتوگۆی لەسەر ناكرێت، چونكە تاوەكو ئێستا تەوافوقی سیاسی لە نێوان لایەنە سیاسییەكاندا دروست نەبووە".
ھەڵكەوت محەممەد




