٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە سەرۆكوەزیرانی حكوومەتی ڤاتیكان دەكات

سەرچاوە: KDP.info

 

هه‌ولێر-KDP.info-  سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانی و سه‌رۆكوه‌زیرانی ڤاتیكان كۆ بوونه‌وه‌ و، فەرهەنگی پێكەوەژیان و یەكترقبووڵكردن، پرسی تیرۆر و پێوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدایان خسته‌ به‌ر باسه‌وه‌.


ڕۆژی پێنجشەممە 27ـی 12ـی 2018، لە سەلاحەددین، سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشوازی لە كاردینال پێترۆ پارۆلین سەرۆكوەزیرانی ڤاتیكان و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوون لە ژمارەیەك لە ڕاوێژكارانی حكوومەتی ڤاتیكان و پیاوانی ئایینی مەسیحی لە هەرێمی كوردستان.

لە دیدارەكەدا سەرۆكوەزیرانی ڤاتیكان سڵاو و ڕێزی تایبەتی قەداسەتی پاپای بە سەرۆك بارزانی گەیاند، هەروەها سوپاسی هەوڵەكانی سەرۆك بارزانی و حكوومەتی هەرێمی كرد بۆ پاراستنی پێكهاتەی مەسیحی لە كوردستان و عێراق و، ئامانجەكانی سەردانەكەی بۆ هەرێمی كوردستان بۆ سەرۆك بارزانی شیی كردەوە و ڕایگەیاند، كە هانی باشتركردنی دۆخی هەموو لایەك دەدات لە كوردستان و عێراق و داوایشی كرد كە بار و گوزەران و دۆخی ئاساییشی موسڵ و ناوچەكانی نەینەوا باشتر بكرێت بۆ ئەوەی ئاوارەكان بتوانن بگەڕێنەوە سەر ژیانی ئاسایی خۆیان.

 

لەدرێژەی وتەكەیدا سەرۆكوەزیرانی ڤاتیكان سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد بۆ پابەندبونی بەرانبەر قووڵتركردنه‌وه‌ی پێكەوەژیان و پاراستنی دۆخی پێكهاتەكان و دابینكردنی ئارامی و باشتركردنی بارودۆخی ژیان. لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدایش سەرۆكوەزیرانی ڤاتیكان ئەوەی خستەڕوو كە هانی هەردوولا دەدات كە گرفتەكانیان بە دیالۆگ و ئاشتی چارەسەر بكەن و لەمبارەیەوە گەشبینیی خۆی بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند.

لەبارەی شەڕی تیرۆریشەوە سەرۆكوەزیرانی ڤاتیكان پێزانینی هەبوو بۆ قوربانیدانی هەرێمی كوردستان لەو شەڕەدا و جەختیشی لەوە كە پێویستە شەڕی ئایدیۆلۆژیای تیرۆریش بكرێت لەپێناو بنبڕكردنی فكری تیرۆر. ئەوەیشی خستەڕوو كە خۆی و وڵاتەكەی دوعا دەكەن بۆ خێر و خۆشی بۆ گەلی كوردستان.

لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی سەرۆكوەزیرانی ڤاتیكان و شاندی یاوەری كرد و سوپاسی قەداسەتی پاپای كرد و، وێڕای ئاماژەدان بە فەرهەنگی پێكەوەژیانی گەلی كوردستان ئەوەی ڕاگەیاند، كە لەكاتی پەلاماری تیرۆریستانی داعش بە خوشك و برا مەسیحییەكانی ڕاگەیاندووە كە هەموومان چارەنووسی هاوبەشمان هەیە و لە مردن و ژیاندا بەیەكەوە دەبین.
سەرۆك بارزانی ئاماژەی بە تاوان و بەدڕەوشتییەكانی تیرۆریستان و قوربانیدانی خەڵكی كوردستان دا و ئەوەی دووپات كردەوە كە پێویستە هەموو لایەكمان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هانی خوشك و برا مەسیحییەكان بدەین كە لە وڵاتی خۆیان بمێننەوە و هاندانیان بۆ جێهێشتنی وڵات بە بابەتێكی هەڵە وەسف كرد.

هەروەها داوایشی كرد كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ یارمەتیدانی ژیان و گوزەرانی پێكهاتەكان و ئاوارەكان بێتە سەر هێڵ. سەرۆك بارزانی شانازیشی بە فەرهەنگی پێكەوەژیان و ڕێزگرتنی بەرانبەر و یەكترقبووڵكردنی جیاوازیی نەتەوایەتی و ئایینی لەناو خەڵكی كوردستان كرد و ڕایگەیاند كە ئێمە هەموومان لە مرۆڤبووندا برای یەكترین و بە ئاكاری باش و مرۆڤسالارانە دەتوانین بە ئاشتی لەگەڵ یەكتردا بژیین.

لەبارەی هەڕەشەی تیرۆر سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە تیرۆر بەهۆی كۆمەڵێك هۆكارەوە سەری هەڵداوە و ئەگەر ئەو هۆكارانە چارەسەر نەكرێ لە ئاییندەدا مەترسیی گەورەتر لە داعش سەر هەڵدەداتەوە.

پەیوەست بە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپات كردەوە كە هەمیشە كوردستان لایەنگری زمانی دیالۆگ بووە و شەڕی نەویستووە و ڕاشیگەیاند كە لە هەوڵی ئەوەدان كە كێشەكان چارەسەر بكرێن و ئاماژەیشی بە كەسایەتیی عادل عەبدولمەهدی سەرۆكوەزیرانی تازەی عێراق دا، كە كەسێكی كراوە و لایەنگری لێكتێگەییشتن و چارەسەری كێشەكانە و پشتیوانیی خۆیشی بۆ سەرۆكوەزیرانی تازەی عێراق و حكوومەتەكەی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و باشتركردنی بارودۆخ و ژیانی خەڵك دووپات كردەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار