٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سه‌رۆك بارزانی، نیگه‌رانیی خۆی لەباره‌ی ئاییندەی گەلی كورد لە سووریا به‌ برێت ماكگورگ ڕاگه‌یاند

سەرچاوە: KDP.info

 

هه‌ولێر-KDP.info-  له‌ كۆبوونه‌وه‌یدا لەگه‌ڵ نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی شەڕی دژی داعش، وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی خۆی لە ئاییندەی گەلی كورد لە سووریا، سەرۆك بارزانی بۆچوون و ئامۆژگاریی خۆی لەبارەی چۆنیەتیی چارەكردنی كێشەكان و تەحەددیاتی بەردەم گەلی كورد لە سووریا شیی كردەوە.


ڕۆژی دووشەممە 17ـی 12ـی 2018، لە سەلاحەددین، سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشوازی لە برێت مەكگورگ نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی شەڕی دژی داعش و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە داگڵاس سڵیمان باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و باڵیۆز ویلیەم ڕێبوك ڕاوێژكاری تایبەتی نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی شەڕی دژی داعش و ستیڤ ڤاگین كونسوڵی ئەمەریكا لە هەولێر.

 

لە دیدارەكەدا بارودۆخی سوریا و دواپێشهاتەكان تاوتوێ كرا. شاندی میوان دواگۆڕانكارییە سیاسی و ئەمنییەكانی سووریا و بارودۆخی مەیدانیی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش لە سووریا و هەروەها ستراتیژیی وڵاتەكەیان لەبارەی سووریا بۆ سەرۆك بارزانی خستە ڕوو.

لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی خۆی لە ئاییندەی گەلی كورد لە سووریا، بۆچوون و ئامۆژگاریی خۆی لەبارەی چۆنیەتیی چارەسەركردنی كێشەكان و تەحەددیاتی بەردەم گەلی كورد لە سووریا شیی كردەوە.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەكە و هاوكێشەكانی نێو پڕۆسەی سیاسیی عێراق و هەنگاوەكانی تەواوكردنی پێكهاتەی حكوومەتی نوێی عێراق ئاڵوگۆڕ كرا.

دەرئەنجامەكانی سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا لە نۆڤەمبەری ڕابردوو و، هەروەها سەردانی وەزیری وزەی ئەمەریكا بۆ هەرێمی كوردستان تەوەری دیكەی ئەو دانیشتنە بوون.

هەواڵی پەیوەندیدار