٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سەرۆک بارزانی: داستانی لۆمانا - زاویتە، مێژووی دروست كرد

سەرچاوە: KDP.info
 
 
دهۆك-KDP.info-  لە ڕێوڕەسمی یادی داستانی لۆمانا - زاویتەدا، سەرۆک مه‌سعوود بارزانی رۆشنایی خستە بەرخودانی میللەتی کورد و شۆڕشی ئەیلوول و هەروەها یادی داستانی لۆمانا- زاویتە و رایگەیاند، ١٢ـی ١٢ـی ١٩٦١ تەنیا رۆژێکی مێژوویی نییە، بەڵکو رۆژێکە مێژووی دروست کرد، لەو سەرکەوتنە گەورەیە ئەوە دووپات کرایەوە، ئەگەر ئیرادەی بەهێز هەبێت، سەرکەوتن مسۆگەرە، ئیرادەش لە هەموو چەکێک بەهێزترە.
 
 
رۆژی چوارشەممە 12ـی12ـی2018 بە ئامادەبوونی سەرۆک مه‌سعوود بارزانی رێوڕەسمی یادی ٥٧ ساڵەی داستانی لۆمانا – زاویتە لە شاری دهۆک بەڕێوە چوو.
 
ئەم رێوڕەسمەکە لە لایەن  ستاڤی گۆڤاری "سەنگەر و پێشمەرگە" ڕێك خرابوو، تێیدا ژمارەیەک لە بەرپرسانی سەربازی و حزبی و ئیداری کوردستان و، ژمارەیەک لە هاونیشتمانییان و خانەوادەی شەهیدان ئامادەی بوون.
 
لەو ڕێوڕەسمەدا سەرۆک مه‌سعوود بارزانی وتارێکی پێشکەش کرد، تێیدا رۆشنایی خستە بەرخودانی میللەتی کورد و شۆڕشی ئەیلوول و هەروەها یادی داستانی لۆمانا- زاویتە و رایگەیاند، ١٢ـی ١٢ـی ١٩٦١ تەنیا رۆژێکی مێژوویی نییە، بەڵکو رۆژێکە مێژووی دروست کرد، لەو سەرکەوتنە گەورەیە ئەوە دووپات کرایەوە، ئەگەر ئیرادەی بەهێز هەبێت، سەرکەوتن مسۆگەرە، ئیرادەش لە هەموو چەکێک بەهێزترە.
 
لە درێژەی قسەکانیدا، سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە شۆڕشی ئەیلوول درێژەپێدەری شۆڕشەکانی پێشووی بوو، بەڵام شۆڕشێکی سەرتاسەری بوو و لە چوارچێوەی ناوچەیی دەرچوو بوو، هەموو چین و توێژ و پێکهاتە و ناوچەکانی کوردستانی گرتبووەوە، ئیرادە و بڕوابەخۆبوونی لای مرۆڤی کورد دروست کرد.
 
سەرۆک بارزانی، قارەمانێتی و قوربانیدانی پێشمەرگەشی لەئێستادا، بۆ ئەو گیانە بەرەنگاربوونەوەیە گەڕاندەوە کە لە شۆڕشی ئەیلوولدا چەسپا، کە ئێستا کوڕ و نەوەی پێشمەرگەکانی ئەو شۆڕشە ئەم شانازییەیان پێ بڕاوە، نموونەشی بە سەرکەوتنی پێشمەرگە بە سەر تیرۆریستانی داعشدا هێنایەوە.
 
سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەرخودانی پێشمەرگە کرد و گوتی: ئەگەر پێشمەرگە نەبوایە ئێستا خەڵکی کوردستان ئەم ژیان و ئازادییەی نەدەبوو، پێشمەرگە ئیسپاتی کرد هەر کات کەرامەتی وڵاتەكەی بکەوێتە مەترسییەوە، ئامادەیە خۆی لەپێناو نیشتماندا بەخت بکات.
 
سەرۆک بارزانی ئاماژەی بە ژیانی سەربەرزانەدا کە مرۆڤ دەبێت یان لەناو میللەتی خۆیدا بژیت، یاخود لەپێناو گەلەکەیدا خۆی بکاتە قوربانی. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی خستەڕوو جێگەی شانازییە كە شاندە بیانییەكان و جیهانی دەرەوە بە بەرزی باسی پێشمەرگە دەكەن و قوربانیدانی بەرز دەنرخێنن.
 
سەبارەت بە رەوشی نوێی سیاسیی هەرێمی کوردستان و عێراق، سەرۆک بارزانی گوتی:
سەرکەوتنی پارتی لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییە، لەبەر ئەوە بوو گەلی کوردستان پاداشتی هەڵوێستە نەتەوەییەکانی پارتی دایەوە و، بەوپێیە پارتی لە هەردوو هەڵبژاردندا بووە حزبی یەکەمی عێراق و هەرێمی کوردستان.
 
لەبارەی پرۆسەی سیاسیی عێراق و حكوومەتی نوێی عێراق سەرۆک بارزانی رایگەیاند: عادل عەبدولمەهدی كەسێكی تێگەییشتووە و بڕوای بە مافەكانی گەلی كوردستان هەیە و لەمێژە دەیناسم و، لە پڕۆسەی سیاسیی تازەی عێراقدا پشتیوانیی دەكەین و هیوای سەركەوتنی بۆ دەخوازین. ئێستا دەرفەتی تازە بۆ دیالۆگ و لێکتێگەیشتن هاتۆتە ئاراوە و، هەمیشە هەوڵمان داوە کەمترین دەرفەت بۆ دیالۆگ لە دەست نەدەین.
 
سەرۆک بارزانی دووپاتی کردەوە: هەتا لە عێراقدا ماوین پێمان خۆشە  دۆست و پشتیوان و هاوکاری یەکتر بین، هەمیشە دژی شەڕ و توندوتیژین، بەڵام هیچ کات لەبەرامبەر هێزی زۆرداردا تەسلیم نابین. ئەوەیشی خستەڕوو كە ئومێدمان هەیە كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر ببن.
 
لە کۆتایی وتارەکەیەدا، سەرۆک بارزانی گەشبینی خۆی لەبارەی رەوشی نوێی هەرێمی کوردستان پیشان دا و رایگەیاند، رەوشێکی نوێ هاتۆتە ئاراوە کە لەگەڵ قۆناغەکانی پێشوودا جیاوازە، ویستی ئەوەمان هەیە گۆڕانکاری و چاکسازی بەرفراوان بکرێت، پارتییش ئەو متمانەیەی کە گەلی کوردستان پێی داوە، بۆ خزمەتکردنی گەلەکەی بە کاری دەهێنێت.
 
هەر لەو رێوڕەسمەدا فیلمێکی دیکۆمینتاری لەبارەی داستانی (لۆمانا – زاویتە) نمایش کرا، دواتر (تابلۆی سەمای پێشمەرگە) لەلایەن ژمارەیەک کوڕو کچی هونەرمەندەوە پێشکەش کرا.
 

هەواڵی پەیوەندیدار