٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شوان محەمەد تەھا: لە بەغدا کورسییەک دێنین

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا -KDP.info- بەرپرسی لقی پارتی لە بەغدا پێی وایە دوای ئەنجامدانی ڕیفڕاندۆمی سەربەخۆیی، ڕەوشی پارتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێم باشترە و دەڵێ، پێشبینی دەکەین ژمارەی دەنگەکانی پارتی لە بەغدا زیاد بکات و کاندیدی پارتی دەربچێت بۆ پەرلەمانی عێراق.

شوان محەمەد تەھا، بەرپرسی لقی پێنجی پارتی لە بەغدا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ڕەوشی پارتی لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بەغدا زۆر بەرەو پێشەوە چووە، چونکە لە دوای ڕیفڕاندۆمی سەربەخۆیی ئەو ڕاستییە بۆ خەڵکی ئەو ناوچانە دەرکەوت، ھەر پارتی دیموکراتی کوردستانە لە خەمی ئەواندایە و بەرگری لە مافەکانیان دەکات، لەبەر ئەوە، لە ھەر ناوچەیەکی داگیرکراو، یان ناوچەکانی دیکەی عێراق پارتی لیستی ھەبێت بۆ ھەڵبژاردن ئەوە لیست و کاندیدانی پارتی دەنگی زیاتر بەدەست دێنن."

لەبارەی کاندیدی پارتی لە شاری بەغدا بەرپرسی لقی پێنجی بەغدا گوتی: "ژمارەیەکی بەرچاو کورد لە بەغدا ھەن و بەسەر مەزھەب و لایەنە سیاسییەکانی عێراقدا دابەش بوونە، تا ئێستا زیاتر لە ٤٣ کورد خۆیان لەسەر لیستە جیاجیاکانی عێراق کاندید کردووە بۆ پەرلەمانی عێراق لە سنووری پارێزگای بەغدا. لە ھەڵبژاردنەکانی ساڵی٢٠١٠ و ساڵی  ٢٠١٤دا کورد لە بەغدا ھاوپەیمانی ھەبوو، لەگەڵ ئەوەشدا نەیانتوانی ھیچ کورسییەک بەدەست بێنن، بەڵام ئەمساڵ کورد ھیچ ھاوپەیمانییەکی نییە و لەگەڵ لایەنەکانی دیکە بەشداریان کردووە، ئەمساڵ جیاوازییەکی زۆری ھەیە بەراورد بە ھەڵبژاردنەکانی ڕابردوو."

شوان محەمەد تەھا ڕوونی کردەوە: "پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا بەشداری لە ھاوپەیمانیی سائیلوندا کردووە و کاندیدێکی ھەیە کە ھاوپەیمانییە لەگەل حزبی شیوعی و تەیاری سەدر و تەجەموعی دیموکراتی و ھەشت پارتی سیاسی تێیدا بەشدارن. ئێمە پێشبینی دەکەین کۆرسییەک لە بەغدا بەدەست بێنین و کاندیدی ئێمە سەر بکەوێت، ئێمە وەک ڕێکخستنەکانی پارتی لە بەغدا کار بۆ سەرخستنی کاندیدەکەمان دەکەین و خەریکی کۆکردنەوەی دەنگین."

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار