٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

خەسرۆ گۆران: رابردوومان هۆكارە بۆ بەدەستهێنانی دەنگی زیاتر

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info- بەرپرسی دەزگای گشتیی هەڵبژاردنی پارتی رایدەگەیێنێت، بە رێژەیەكی باش هاووڵاتیان كارتی دەنگدانیان وەرگرتووەتەوە. لەسەر ئەو باوەڕەشە کە، رابردووی پارتی لە رووی حیزبی و حكوومی و بەرگرییەوە، هۆكارە بۆ بەدەستهێنانی دەنگی زیاتر.

لەبارەی داتای وەرگرتنەوەی كارتی دەنگدان لە لایەن هاووڵاتییانەوە، خەسرۆ گۆران بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، کە بە ڕێژەیەكی باش هاووڵاتیان كارتی دەنگدانیان وەرگرتووەتەوە و كاری باشیان بۆ كردووە، كە هاووڵاتیان بەرەو بنكەی وەرگرتنەوەی كارتە ئەلیكترۆنییەكانیان بڕۆن.
گۆران زانیاریشی دا، بەپێی دوائامار كە لە چەند رۆژی رابردوودا بە دەست دەزگاكەیان گەییشتووە، لە شاری دهۆك ٧٧% بووە، هاوكات لە شاری هەولێر ٧٠% بووە، لە سلێمانییش بە نزیكی هەمان رێژەیە، هیوایشی خواست لەم چەند رۆژەی كەوا ماوە بۆ وەرگرتنەوەی كارتی ئەلیكترۆنی، ئەو هاووڵاتیانەی وەریان نەگرتووەتەوە، وەریبگرنەوە و رێژەی وەرگرتنەوەی كارتەكان بگاتە ٩٠%.
سەبارەت بە بەشداریی پارتی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ و دەوروبەری، سەرباری ئەوەی هیچ بارەگایەكی پارتی لێ نییە، هاوكات حەشدی شەعبییش لەو ناوچانە بوونیان هەیە، بەرپرسی دەزگای گشتیی هەڵبژاردنی پارتی، مەترسیی خۆی لە ساختەكاری و سووتاندنی دەنگەكانی حزبەكەی نەشاردەوە، كەوا ناتوانن بریكار دابنێن، بە تایبەت ناو شاری مووسڵ و دەوروبەری و شنگال، هەروەها هێمایشی بۆ ئەوە كرد، كە تاوەكوو ئێستا چەندین كۆسپ و تەگەرە بۆ بەربژێرەكانی پارتی و دەنگدەرانیان دروست كراون.

بەرپرسی دەزگای گشتیی هەڵبژاردنی پارتی روونیشی كردەوە، كە لە ئێستادا ناتوانن هیچ ئامارێك سەبارەت بە هێنانی دەنگی پارتی دیموكراتی كوردستان بدەن، تەنیا گوتی، وەكوو پارتی دیموكراتی كوردستان كار دەكەن بۆ ئەوەی بە فراوانترین شێوە بەشداری لە هەڵبژاردن بكەن و زۆرترین دەنگ مسۆگەر بكەن.
چەند جۆرە دەنگدەرێك هەن، وەك دەنگی مسۆگەر، دژ، خۆڵەمێشی، یاخود ڕاڕا، بۆ كاركردنیان لەسەر ئەو جۆرە دەنگدەرانە، خەسرۆ گۆران گوتی: "دەبێت دەنگدەران بە ویژدانەوە بچنە سەر سندووقەكانی دەنگدان و بزانن كێ پارێزەری دەسكەوتەكانی كوردستانە، هەمووانیش شایەتی ئەو راستییەن كە تەنیا پارتی دیموكراتی كوردستانە چ لە رووی خاك، چ لە رووی مافە دەستوورییەكانەوە بەرگریكاری راستەقینە بووە، ئێمەیش وەك دەزگای گشتیی هەڵبژاردن لە روانگە حیزبییەكەوە، چەندین دیدار و سیمینارمان بۆ هاووڵاتیان ئەنجام داوە و تێیدا باسی پڕۆژەی داهاتووی پارتی و رابردوویشمان كردووەتەوە".

خێڵان بەختیار

 

هەواڵی پەیوەندیدار