فراكسیۆنی پارتی هەوڵ دەدات، سیستمی سۆشیال پێڕۆ بکرێ

هەولێر-KDP.info- بەپێی پڕۆژەیاسایەك، مینحەیەك بەو كەسانە دەدرێت كە ھیچ داھاتێكیان نییە و، پەرلەمانتارێكیش دەڵێ، پڕۆژەكە ھیی فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستانە و ھەموو توانایەكیش دەخەنە گەڕ تا خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەكە بكرێت و بكەوێتە واری جێبەجێكردنەوە.
مەدینە ئەییووب، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "فڕاكسۆنی پارتی، پێشتر پڕۆژەیەكی ئامادە كردووە بۆ ھاوكاریكردنی ئەو خێزانانەی ھەژارن و كەسانی بێسەرپەرشت و چەند چینێكی نێو كۆمەڵگە، بەڵام بە ھۆی قەیرانی ئابوورییەوە پەسەندكردنی پڕۆژەكە دوا كەوت، چونكە پێشتر خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوە و رەوانەی لیژنە تایبەتمەندەكانیش كراوە بۆ پێداچوونەوە، بڕیاریشە خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەكە بكرێت و دوای پەسەندكردنی دەكەوێتە واری جێبەجێكردنەوە، ئێستا زۆر لایەن خۆیان كردووەتە خاوەنی پڕۆژەیاساكە، بەڵام لە بنەڕەتدا پڕۆژەكە ھیی فڕاكسیۆنی پارتییە."
مەدینە ئەییووب جەخت دەکاتەوە لەوەی، کە ھەموو ھەوڵێك دەدەن بۆ ئەوەی پڕۆژەكە پەسەند بكرێت و بۆ خزمەت ھاووڵاتیان بەکار بێ، وەک ئەو پەرلەمانتارەی فراکسیۆنی پارتی زانیاریی دا "بە گوێرەی پڕۆژەكە ھەموو ئەو خێزانانەی پێویستیان بە ھاوكاری ھەیە، وەك ئەوانەی تۆڕی چاودێریی كۆمەڵایەتی و قەیرەكچان و ئەوانەی ھیچ داھات و مووچەیەكیان نییە، سوود لە یاساكانی سۆشیالی وڵاتانی پێشكەوتوو وەرگیراوە و مانگانە مینحەیەك بەو كەسانە دەدرێت."
قائید میرۆ




