لە رێگای فڕۆکەی سەربازییەوە، تورکیا تیمی هاوکاری رەوانەی سلێمانی کرد

هەولێر-KDP.info-
لە دوای بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٧،٢ کە عێراقی هەژاند، تیمێک کە لە یەکەکانی گەڕان و رزگاکردن و بەهاناوەچوونی پزیشکیی کە بە هەماهەنگی ئافاد پێکهێنراوە، بە فڕۆکەیەکی بارهەڵگری سەربازیی لە ئەنقەرەوە بەرەو سلێمانی بەڕێکەوت.
سەرۆکی ئافاد، (مەهمەت گوللوئۆغڵو) لە لێدوانێکدا لە فڕۆکەخانەی سەربازیی ئەتیمەسگوت رایگەیاند "٦٠ خیوەت، ٣٢٠ بەتانی، دوو ئامێر و ٢٥ کارمەند بە فڕۆکەکە بەرەو ناوچەی بوومەلەرزەکە بەڕێ دەکەون. ئەگەر هەلومەرجی فڕۆکەخانەکە گونجاو بێت لە فڕۆکەخانەی سلێمانی دەنیشێتەوە".
سەرۆکی ئافاد، ئاماژەی بەوە دا کە بە رێگای وشکانیشدا تیمەکانیان کەوتوونەتە جووڵە. لەمبارەیەوە لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی عێراق و مانگی سووری عێراقی لە هەماهەنگیدان و بە پێی داواکارییەکان جموجۆڵ دەکەن.
سەرۆکی ئافاد، تیشکی خستە سەر ئەوەی کە بە هۆی بوومەلەرزەکە زیانی گیانی و ماڵی لە ئێرانیش کەوتۆوەتەوە بەڵام تاکو ئێستا داوای هاوکارییان نەکردووە و گوتی: "لە رێگای وەزارەتی دەرەوە بە لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئێران-یان راگەیاندووە کە ئامادەن لە رووی مرۆییەوە هاوکارییان بکەن".
تیمەکانی ئافاد هاوکارییە مرۆییەکان و ئامێرەکانی گەڕان و پشکنین و رزگارکردن کە بە بارهەڵگر گەیەنرانە فەرماندەیی بنکەی سەربازی ئاسمانی ١١ لە ئەتیمسەگوت، گواستەوە بۆ ناو فڕۆکەی Airbus A400M فڕۆکەکەش کاتژمێر ٠٩:٢٥ خولەک بەرەو شاری سلێمانی بەڕێ کەوت.
وەک یەکەمین هاوکاریی مرۆیی تیمی گەڕان و پشکنینی ئافاد و تیمی یەکەی رزگارکردنی پزیشکی نیشتیمانی سەر بە وەزارەتی تەندروستی تورکیا بەرەو ناوچەکە بەڕێ کەوتبوون
سەرچاوە- ئانادۆڵو





