٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شارەزایان: بەغدا نایەوێت کۆمەڵکوژیی ئێزدییان بە جینۆساید بناسرێت

سەرچاوە: KDP.info


دهۆک-KDP.info- لە ٣ی ئاب (ئۆگوست)ی ٢٠١٤دا کوردانی ئێزدی لە شارۆچکەی شنگال ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی بوون و شارەزایان و پسپۆڕان و شارەزایانی جینۆسایدناساندن پێیان وایە تا ئیستا کارکردن لەسەر ئەم کەیسە گەورەیە لە ئاستێکی باشدا نییە، بەڵام حکوومەتی عێراق رێگرە و نایەوێ ئەو کەیسە بە جینۆساید بناسرێ.


ئاماری ڕۆژی دوای ٣ی ئابی ٢٠١٤
پەیوەست بە ئاماری کۆمەڵکوژیی ٣ ئابی ٢٠١٤ (حسێن قائیدی)، بەرپرسی نووسینگەی ڕفێنراوانی کوردانی ئێزدی لە پارێزگای دهۆک. بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''تا ئێستا ٣١٧٥ هەزار کەس ڕزگار کراون و ٣٢٤٢ هەزاریش ماون، چونکە سەرجەمی ڕفێنراوەکان ٦٤١٧ کەس بوون و، ٣٦٠ هەزار کەسیش ئاوارە بوون و زیاتر لە ٩٠ هەزاریش چوونە دەرەوەی وەڵات و زیاتر لە ١٢٠٠ کەسیش کوژران و تا ئێستا زیاتر لە ٤٠ گۆڕی بەکۆمەڵ و تاک دۆزرانەوە و داعش زیاتر لە ٦٠ مەزارگە و نیشانگەی لەناو بردوون.''

(قائیدی) ئەوەیشی گوت: ''لە دوای ٣ی ئاب، نووسینگەی ڕفێنراوان لە پارێزگای دهۆک کرایەوە، کە لەسەر نووسینگەی (نێچیرڤان بارزانی)یە و زیاتر لە ٣ هەزار کەسی ئێزدی لە ڕێگەی ئەم نووسینگەیەوە ڕزگار کراون.''

حکوومەتی عێراق هیچی نەکردووە بۆ کۆمەڵکوژیی ئێزدییان لە شنگال

پەیوەست بەمەش، (قائیدی)، دەڵێت: ''چەندین داوامان لە حکوومەتی عێراق کردووە. هاوکاریمان بکەن بۆ ڕزگارکردن کەچی گوێ بە ئێمە نادا و تا ئێستا بە هێج جۆریک نەک هاوکاریی ڕزگارکراوان دەکات و نەک پارەش دەدات، بۆ ئەوەی کەسەکان لە دەستی داعش ڕزگار بکرێن.''

(قائیدی) زیاتر دەڵێت: ''هەرجۆرە هاوکارییەک لە دەستی ئێمە بێت، دەیکەین و هەوڵ و بزاڤەکانمان بەردەوامن بۆ ڕزگارکردنی کەسانی دیکەی کوردی ئێزدی لە ژێر دەسەڵاتی داعشدا.''

جگە لەوەش چالاکوان و ڕۆژنامەنووسانیش زۆر گلەیی لەوە دەکەن، کە حکوومەتی عێراق هیچ شتێکی بۆ ئێزدییان نەکردووە لەم کۆمەڵکوژییە گەورەیەدا.


کۆمەڵکوژیی ئێزدییان لە شنگال لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە
ئێستا زۆربەی وڵاتەکان ددانیان بە کارەساتی ئێزدییاندا داوە، کەچی لە ڕووی یاساییەوە بە جینۆسایدیان نەناسیوە.

(حەسۆ هۆرمی)، بەرپرسی دەزگای ئێزدی لە هۆڵەندا، کە هاوکات شارەزاشە لە کاروباری ئێزدییان و لە پرسی کۆمەڵکوژیی ئێزدییاندا کار دەکات، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''کۆمەڵکوژیی ئێزدییان لە شنگال تا ئێستا بەردەوامە و ئەمریکاش تا ئێستا پێی باش نییە ئەم کەیسە بکرێتەوە، زۆر وڵاتی جیهانی هەن لە پەرلەمانەکانیاندا ددانیان بە جینۆسایدی ئێزدییاندا ناوە، بەڵام ئەو بڕیارانەی پەرلەمانەکان بڕیاری سیاسی و عاتفین و ئەم کەیسە پێویستی بە یاساییبوون هەیە و دەبێ ددانیپێدانی جینۆسایدناسان لە دادگا دەربچێت.''

بەرپرسی دەزگای ئێزدی لە هۆڵەندا گوتیشی: ''هەموو مەرجەکانی بەجینۆسایدناساندن لەم کۆمەڵکوژییەدا هەن، بەڵام دەبێ یاسایەک لە دادگای لاهای دەربچێت، بۆ بەجینۆسایدناساندنی، ڕاستە کە زۆربەی پەرلەمانی وڵاتە ئەوروپییەکان ددان بە کومەڵکووژیی ئێزدییاندا دەنێن، کە جینۆسایدە و پشتگیریی ئێزدییان دەکەن، کەچی تا ئێستا ئەم پرسە بە یاسایی ددانی پێدا نەنراوە.''

ڕێگرییەکانی بەردەم بەجینۆسایدناساندن
(حەسۆ هۆرمی) دەڵێت: ''ئەم کەیسە زۆر ئاڵۆزە و پێکەوە بەستراوە، چونکە لە یاسای ڕۆمادا نووسراوە دەبێ ئەنجامدەرانی تاوانەکە بچنە بەردەم دادگا، لەبەر ئەوەش حکوومەتی عێراق دەرگای ئەم کەیسە ناکاتەوە، چونکە ئەگەری ڕادەستکردنی مووسڵ و پاشان ئەنجامدانی کارەسات لە شنگال هەبوو، ئەویش (نووری مالیکی) لێی بەرپرسیارە، لەبەر ئەوەش، بە هەموو شێوەیەک عێراق نەیویستووە دەرگای ئەم کەیسە بکاتەوە.''

بەرپرسی دەزگای ئێزدی لە هۆڵەندا گوتیشی: ''لە کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا پشکداریم کرد و بڕیاریان دا شارەزایانی جینۆساید بنێرن بۆ عێراق، کەچی عێراق داخوازییەکانی ئەوانی پەسەند نەکرد، وەکو پاراستنی گیانی ئەو شارەزایانە و تێچوونی داراییی ئەوان، پاشان ئەو بڕیارە هەڵوەشایەوە.''


کـــاروان باعـــەدری

هەواڵی پەیوەندیدار