غەزالی: لایەنە سیاسییەکان لەبارەی پرسی ھەڵبژاردنەکانەوە کۆ دەبنەوە

هەولێر-KDP.info- پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لەبارەی پرسی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستانەوە دواخست بۆ کاتێکی نادیار و ئەندامێکی فڕاکسیۆنی پارتیش دەڵێت، لایەنە سیاسییەکان لەبارەی دەرکردنی بڕیارێک بۆ چارەنووسی ھەڵبژاردنەکان کۆ دەبنەوە.
(عەباس غەزالی)، ئەندامی فڕاکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ھۆکاری زۆر ھەبوون بۆ دواخستنی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی پرسی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستانەوە، بەڵام ھۆکاری سەرەکی ڕەوشی ئێستای ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە، چونکە ڕووداوەکان زۆر خێران و لەسەر ئاستی سیاسی و سەربازی گۆڕانکاریی گەورە بەسەر ڕەوشەکەدا ھاتووە، بەتایبەتی وەک جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان ئاماژەی بۆ کردووە، لایەنێکی سیاسی دەستی ھەبووە لە و گۆڕانکاریانەدا، ئەوەش بووە ھۆکاری ئەوەی کۆبوونەوەی پەرلەمان دوا بخرێت بۆ کاتێکی نادیار.''
(عەباس غەزالی) ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ''بڕیارە لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان لەم یەک دوو ڕۆژەی دابێ کۆ ببنەوە و بڕیاری کۆتایی بدەن لەبارەی پرسی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمەوە لەژێر ڕۆشناییی گۆڕانکارییەکاندا، بەڵام ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ ئەوەداین، ھەڵبژاردنەکان لە کاتی خۆیاندا بکرێن، ئەگەر کۆمسیۆن ئامادەیی تێدا ھەبێت، ئەوەی دیکە دەمێنێتەوە سەر ڕێککەوتنی لایەنە سیاسییەکان، چونکە نامانەوێ بڕیارێک بدەین و دواتر بە ھۆی گۆڕانکارییەکانەوە کاریگەریی ھەبێت لەسەر بڕیارەکەمان، نابێت پەلە بکەین و ھێشتا کاتی پێویست لەبەردەستە بۆ بڕیاردان.''
قائید میرۆ




