٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کاوێس مەلا پەروێز: حەشدی شەعبی ماڵی بەرپرس و کادیرانی پارتیی تاڵان کردووە و سووتاندویانە

سەرچاوە: KDP.info

کەرکوک-KDP.info- بەرپرسی دەزگای ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیریی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک گوتی، دوای ھاتنی حەشدی شەعبی بۆ کەرکوک ھێرشیان کردووەتە سەر بارەگا و ماڵی بەرپرس و کادیرانی پارتی دیموکراتی کوردستان و تاڵانییان کردووە و دواتریش سوتاندوویانە.

(کاوێس مەلا پەروێز) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''دوای ئەوەی حەشدی شەعبی دەستی بەسەر پارێزگای کەرکووکدا گرت، دواتر ھێرشیان کردووەتە سەر بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و ماڵی بەرپرس و کادیرەکانیان لە ناوچە جیاجیاکانی کەرکووک، ھەرچی کەلوپەلی تێدایە، تاڵانیان کردووە و دواتریش ھەندێکیان تەقاندووەتەوە و ھەندێکیشیان سوتاندووە، بۆ نموونە، ئێمە کەناڵی تەلەڤزیۆنمان ھەبوو، ئەویشیان تاڵان کردووە و بارەگاکەیان سوتاندووە.''

(کاویس مەلا پەروێز) گوتیشی: ''ئەوانەی باس لەوە دەکەن دەزگا ئەمنییەکان بەدەست کوردەوەیە، ڕاست نییە و ھەمووی لەدەست حەشدی شەعبیدایە و ھەر ئەمڕۆش لە ژووری پارێزگاری نوێی کەرکووک وێنەی (ئیمام خومەینی)یان ھەڵواسیوە و ھەرچیی چەکداری ئەمنیی کوردە چەکیان کردووە و ڕێگە نادەن ھیچ ھێزێکی کورد لەو شارەدا ھەبێت.''

لەبارەی ئەنجامی ئەو ڕووداوەوە، (مەلا پەروێز) گوتی: ''ئەنجامەکەی بەوشێوەیە بەردەوام نابێت، چونکە ململانێ لەسەر کەرکووک نوێ نییە و مێژووییە و حکوومەتی زۆر لەوە گەورەتر خۆیان تاقی کردووەتەوە و سەرکەوتوو نەبوونە و لە ڕووی جوگرافیشەوە، ئەمانە ناتوانن ئیدارەی ئەو شارە بکەن، بۆیە ئەنجامەکەی دەگۆڕێت و بەو شێوەیە نابێت و ھاوسەنگییەکە دەگۆڕێت.''

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار