عەدنان کەرکووکی: حەشدی شەعبی سووکایەتی بە ھاووڵاتییانی کوردی نێو کەرکووک دەکەن

کەرکووک-KDP.info- گوتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی لە پارێزگای کەرکووک ئاشکرای کرد، حەشدی شەعبی بە جلوبەرگی پۆلیسی فیدڕاڵییەوە لەنێو شاردا زۆڵم لە ھاووڵاتییانی کورد دەکەن و دەشڵێت، باشترە ئەو ھاووڵاتییانیەی لە شارەکە ئاوارە بوونە، نەگەڕێنەوە، چونکە شەوانە حەشد ھەڵدەکوتنە سەریان و ئیھانەیان دەکەن.
(عەدنان کەرکووکی)، گوتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارێزگای کەرکووکی پارتی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئەوەی لە نێو شاری کەرکووک دەگوزەرێ، ڕەوشێکی زۆر خراپە و ئەو ھاووڵاتییانەی لە نێو شاری کەرکووکدا ماون پەیوەندیمان پێوە دەکەن، ئەگەر ڕێگەیەک ھەبێت شارەکەیان بەجێ دێڵن، لەبەر ئەوەی شەوانە بەردەوام لە لایەن گرووپەکانی حەشدی شەعبیەوە ھەڵدەکوتنە سەر ھاووڵاتییانی کورد و ئیھانەیان دەکەن و سووکایەتییان پێ دەکرێت، ئەو ھەڵکۆتانەش بەبێ جیاوازی ھەموو ھاووڵاتییانی کوردی گرتووەتەوە، ھەتا زۆڵم لە ھاووڵاتییانی سەر بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش دەکرێت، چونکە ئەوەی یەکێتی بۆ دەستکەوتی تایبەتی خۆی کردی، ئێستا خەڵکەکەی باجەکەی دەدات، خەڵکی کەرکووک لەم دۆخەدا نەگەڕێنەوە باشترە، چونکە ئەگەر نەگەڕێنەوە بۆ جیھانی دەرەوە دیار دەبێت لەنێو کەرکووکدا چ ڕەوشێک دەگوزەرێت.''
لەبارەی ھەبوونی گرووپەکانی حەشدی شەعبی لە ناو شاری کەرکووکدا، (عەدنان کەرکووکی) ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ''ئەوانەیشی داوای گەڕانەوەی خەڵکی کەرکووک بۆ نێو شارەکە دەکەن، خزمەت بە ئەجێندای حەشدی شەعبی دەکەن، چونکە حەشد ڕێگە بە کارمەندانی ئاسایشیش نادات چەک ھەڵگرن و چەکیان دەکات، ئەگەر حەشد لە نێو شاردا نییە، ئەی ئەو ھەموو وێنەی سەرکردەکانی ئێران لە نێو بینای ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک و شوێنەکانی دیکەدا چین، نەخێر ئەوانەی پڕوپاگەندەی ئەوە دەکەن حەشد لە نێو کەرکووکدا نییە، ڕاست ناکەن، چەکدارانی حەشدی شەعبی بەرگی پۆلیسی فیدڕاڵییان لەبەر کردووە بۆ ئەوەی بڵێن، تەنیا پۆلیس لە نێو شاردا ماوە. لەبنەڕەتدا ئەوەی ڕوو دەدات حەشد لە نێو کەرکووکدا دەیکات.''
قائید میرۆ




