٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هەزاران گەنج و لاو دەچنە بەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان

سەرچاوە: KDP.info


هه‌ولێر -KDP.info- سەرپەرشتیاری تۆڕی هەماهەنگیی رێکخراوەکان رایدەگەیەنێت، بە مەبەستی ئیدانەکردنی هێرشەکانی حەشد و سوپا بۆ سەر ناوچە کوردستانییەکانی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و ئاوارەبوونی هەزاران هاووڵاتی کورد، ئەمڕۆ هەزاران گەنج دەچینە بەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان و پەیامێکی ناڕەزایەتییان پێ دەدەین.

(سیروان گەردی) لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "هەموان دەزانین گەلەکۆمەکییەک لەسەر هەرێمی کوردستان لە ئاستی نێودەوڵەتی هەیە، ئەرکی ئەخلاقی ئێمەش ئەوەیە بچینە بەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان و هەڵوێستی خۆمانیان لە ئاست ئەو ناهەقییەدا بە نووسراوێک و بە ئامادەبوونی هەزاران گەنج و لاوی کورد، پێ رابگەیەنین".

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، کە لە بەیاننامەکەیاندا، باس لە هێرشەکانی حەشد و سوپای عێراق دەکات، و دەڵێت: "ئەو هێرشە گەورانەی لە لایەن حەشدەوە کراون، چەندین شەهید و بریندارمان داوە، هەروەها هەزاران ماڵی کورد ئاوارە بوون، چەندین ماڵی کورد لەو ناوچانەی حەشد دەسی بەسەردا گرتوون سوتێندراون، کەچی ئەم کارەساتانە لای ئەورووپا و نەتەوە یەکگرتووەکان نەبووە پرسێک هەڵوێستی ئیجابیانەی لەسەر بدەن".

ئەو سەرپەرشتیارە گوتیشی: "ئەمڕۆ بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێین، دیموکراسی و مافی مرۆڤ لای ئێوە تەنیا درووشمێکە، کە بۆ کوردستان و هاووڵاتیانی پێتان رەوا نییە"، (گەردی) باسیشی لە رێژەی بەشداری گەنجان لە گردبوونەوەی ئەمڕۆیان، کە سەعات ٢ دەبێت دەکات، گوتی: "زیاتر لە ٢ هەزار گەنج و لاوی کوردانی رۆژئاوا و باشوور دەبین، کە دەچینە بەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان و نووسراوی ناڕەزایەتی و ئەو کارەساتانەی کە لەم چەند رۆژەدا روویانداوە دەدەینە دەست کاربەدەستانیان."

 

هەواڵی پەیوەندیدار