٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هاووڵاتیانی کەرکووک: رێگە بە فرۆشتنی كه‌ركووك نادەین و ده‌چینه‌ بەرەکانی جەنگ

سەرچاوە: KDP.info
 
کەرکووک-KDP.info- هاووڵاتیانی شاری کەرکووک بە ئاراستەی سەنگەرەکانی پێشمەرگە چوونە بەرەکانی جەنگ و بەرگری لە شاری کەرکووک دەکەن، گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتیش رایدەگەیەنێت، خەڵکی شارەکە گوێ بە هیچ موئامەرەیەک نادات.
 
 
(کەریم ئەحمەد نووری) پێشمەرگەی خۆبەخش و هاووڵاتی شاری کەرکووک، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "بە هەموو شێوەیەک بەرگری لە شاری کەرکووک دەکەین، رێگە نادەین شارەکە بکەوێتە دەست حەشدی شەعبی، تا خوێن لە جەستەمان مابێت بەرگری دەکەین، رێگەش بە فرۆشتنی شارەکە نادەین، چونکە ئەم شارە هەزاران شەهیدی لە پێناوی مانەوەی بەسەر بەرزی داوە، ئێستاش چۆک بۆ هیچ هێزێک دانادەین".
 
(جەمال ئیسماعیل)، گەنجێکی دانیشتووی شاری کەرکووکە، بۆ ماڵپەری فەرمی پارتی گوتی، "رێگه‌ بە هیچ کەسێک نادەین مساوەمە لەسەر خوێنی شەهیدانی شارەکە بکات، کەرکووک لە ڕیفرەندۆمیش بەشداری کردووە و قوربانی داوە، ناکرێت بە هیچ شێوەیەک بدرێتە دەست قەدەرێکی نادیار".
 
هاوکات (عەدنان کەرکووکی) گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کەرکووک-گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "ورەی خەڵک و پێشمەرگە لەوپەڕی بەرزیدایە، کەرکووک گوێ بە هیچ موئامەرە و هیچ پیلانێک نادات، چونکە پاڵپشت و پشتیوانی پاراستنی شارەکە خەڵک و پێشمەرگەیە، بە داخەوە ئەوەی ڕوویداوە دەبێت لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت، چونکە خەڵک نیگەرانە نایانەوێت هیچ خروقاتێک لە شارەکە ڕووبدات".
 
دوای کشانەوەی بەشێک لە هێزەکانی یەکەی حەفتا، لە شاری هەولێرەوە پێشمەرگەی تر بردراونەتە شاری کەرکووک، بۆ شوێنگرتنەوەی ئەو شوێنانەی چۆڵکراون.
 
(حوسێن یەزدانپەنا) فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە کەرکووک بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ئەوەی خستەڕوو، پێشمەرگە بەرگری لە شاری کەرکووک دەکات، ماوەیەکی زۆرە حکوومەتی عێراق لە رێگای میلیشیاکانەوە پیلانیان داناوە بۆ کۆنترۆڵکردنی شارەکە، "بۆ ئەوەی ئەو شارە بە دەستەوە نەدرێت، پێشمەرگە بەرگری قارەمانانە دەکات، لە ماوەی رابردووشدا سەلمێندراوە پێشمەرگە بەرگری قارەمانانەی بۆ پاراستنی شارەکە کردووە، کە حکوومەتی به‌غدا نەیتوانیوە چاوی بەو سەرکەوتنانە هەڵبێت، بۆیە پەنای بردە بەر هێرش و پەلامادارنی شارەکە، بۆ مێژوو هەموو لایەک ئاگادار دەکەینەوە، کە هەر ڕووداوێکی نەخوازراو ڕوویدا، حکوومەتی به‌غدا و سەرۆک وەزیرانی بەرپرسیار دەبن".
 
کارزان سەباح هەورامی

هەواڵی پەیوەندیدار