٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پێشمەرگە لەشکرکێشیی حەشد و سەرچاوەکانی بۆ سەر کەرکووک بلۆک کرد

سەرچاوە: KDP.info


هەولێر-KDP.info- دوێشەو، هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەشکرکێشیی حەشدی شەعبی و سەرچاوەکانی بۆ سەر کەرکووک بلۆک کرد. هه‌ردوێنێیش ئەمەریکا پەیامێکی دایە سەرۆکوەزیرانی عێراق و لەشکرکێشی بۆ سەر کەرکووکی بە هێڵی سوور ناو برد.

دوێشەو حەشدی شەعبی و سەرچاوەکانی، بە تەوقیتی بەغدا سەعاتی سفر بوو تا لەشکرکێشی بکەنە سەر شاری کەرکووک، بەڵام سەعات بوو بە دوازدە و دواتر دووی شەوی تێپەڕ  کرد و ئێستایشی لەگەڵدا بێت هێرشیان نەکرد.

دوێشەو، شاری کەرکووک لە هێزی پێشمەرگە و خەڵکی خۆبەخش و سەربەخۆخوازانی کوردستان بۆ بەرگریکردن لە کەرکووک جمەی دەهات.

پێگەی جیۆنیوز لە ڕاپۆرتێکدا له‌وباره‌وه‌ نووسیویەتی، هێزی پێشمەرگە ڕێگری لە لەشکرکێشیی حەشدی شەعبی و هێزەکانی دیکەی عێراق بۆ سەر کەرکووک کرد و لەشکرکێشییەکەی بلۆک کرد.

بەگوێرەی زانیاریی پێگەکە ئەو سەعاتەی کە لە نیوەشەودا بۆ هێرشکردنە سەر کەرکووک دیاری کرابوو، کۆتایی هات، ئێستایش هیچ وادەیەکی دیکە نییە بۆ درێژکردنەوەی سەعاتی شەڕ.

لە نێوخۆی کەرکووکدا، وەک بەرپرسی میحوەری ڕۆژئاوای کەرکووک (د. کەمال کەرکووکی) لە درەنگای شەودا ڕایگەیاند، پێشمەرگە بە تەواوەتی لە ئامادەباشیدا بوو و حەشد و هێزەکانی دیکەی عێراق هێرشیان نەکرد.

لەگەڵ ئەوەی (کەرکووکی) جەختی لە پەیامی ئاشتیی کوردستان کردەوە، کە خوازیاری شەڕ نین، بەڵام دڵنیاییشی دا، کە پێشمەرگە بۆ بەرگریکردن لە کەرکووک بە تەواوەتی ئامادەیە.

بەگوێرەی زانیارییە نافەرمییەکان، نوێنەری سەرۆکی ئەمەریکا لە هاوپەیمانێتیی شەڕی دژ بە داعش (برێت مەکگۆرک)، دوێنێ زانیاری داوە بە سەرۆکوەزیرانی عێراق، کە سەرۆکی ئەمەریکا هەموو جۆرە هاوکارییەکی عێراق لەگەڵ سوپای پاسداران ڕەت دەکاتەوە و دژی لەشکرکێشیی حەشدی شەعبی و هێزەکانی دیکەیە بۆسەر کەرکووک و لەشکرکێشیی بە هێڵی سوور ناو برد، هاوکات ئەوەیش بە (عەبادی) گوتراوە کە حەشدی شەعبی نایاساییە و لە چوارچێوەی سوپاسی پاسداراندایە.

بە گوێرەی ئەو زانیارییەی بە پێشمەرگە دراوە، شایەدحاڵەکان بینیویانە، لە نێو ڕیزەکانی حەشدی شەعبیدا کەسانێک هەن بە زمانێکی بیانی قسە دەکەن و، وەک (کەمال کەرکووکی) پشتڕاستی کردەوە، ئەو زانیارییانەیان پێ گەیشتووە و ''کەسانێک لەگەڵ حەشد بوونە، کە بە زمانی عەرەبی قسەیان نەدەکرد.'' بە گوێرەی زانیاریی ئاژانسەکان، ئەو کەسانە ڕاهێنەرانی حزبوڵڵای لوبنانی و پاسدارانی ئێران بوونە و خۆیان لە نزیکەوە سەرپەرشتیی پیلانی هێرشکردنەکەیان کردووە.

ئەمڕۆیش پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرپەرشتیی سەرۆکی کوردستان و سەرۆککۆماری عێراق كۆبوونه‌وه‌ و لە ڕاگەیاندراوێکی هاوبەشدا مەسجێکی ئاشتیانەیان بۆ بەغدا ڕاگەیاند، کە تێیدا جارێکی دیکە جەختیان لە گفتوگۆی بێمەرجی بونیاتنەر لە نێوان هەولێر و بەغدا بە چاودێریی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردەوە. لە کۆبۆوونەوەکەدا پارتی و یەکێتی هەموو جۆرە دەستوەردانێکی سەربازییان بۆ کەرکووک و ناوچەکانی دیکەی کوردستان ڕەت کردەوە.

هاوکات لەگەڵ ئەوەی سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان چەندین جارە پەیامی ئاشتیی دەداتە بەغدا بۆ دایالۆگ، چاودێرانی سیاسی دەڵێن، شەڕ لە بەرژەوەندیی عێراقدا نییە و، لەگەڵ ئەوەی ناتوانن بەسەر هێزی پێشمەرگەدا سەرکەون، لە ئەگەری شەڕدا ئەمەریکایش دەستیان لێ ناپارێزێت.

هەر دوێنێ سەرچاوەکانی هەواڵ دووپاتیان کردەوە، ئەمەریکا هاتوچۆی فڕۆکەکانی عێراقی بەسەر ئاسمانی هەرێمی کوردستان و کەرکووکدا قەدەغە کردووە.

وەک ئاژانسە جیهانییەکانیش ئاماژەیان بۆ کردووە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا و فەرەنسا چاودێریی جموجۆڵی حەشدی شەعبی و هێزەکانی دیکەی عێراقیان کردووە، کە لە ئەگەری هەر جۆرە هێرشێکدا بۆردوومانیان دەکەن.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکایش ئەوەی پشتڕاست کردەوە، کە لەگەڵ هاوپەیمانان چاودێریی دۆخی کەرکووکیان کردووە و بەردەوامیشن.

بەگوێرەی پێگەی ئێن ئەمۆن نیوزیش، سەرۆکوەزیرای عێراق (حەیدەر عەبادی) گوتوویەتی، ئەوان مەبەستیان هێرشکردن نەبووە، بەڵام بەگوێرەی زانیاریی وردی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، بە هۆی بەرگرییەکی تۆکمەی هێزی پێشمەرگەوە لە کەرکووک، پیلانی هێرشکردنە سەر کەرکووک پووچەڵ کرایەوە.

شارەزایانی سەربازی دەڵێن، ئێستا توانای لۆجیستی و سەربازیی هێزی پێشمەرگە گەلێک زۆرە و هیچ هێزێک ناتوانێت لەگەڵیدا براوەی شەڕ بێت، بۆیە پێشمەرگە بەتەواوەتی خاکی کوردستان دەپارێزێت.

لە کاردانەوەیەکدا کۆماری ئێسلامیی ئێران، ئەمڕۆ سنوورەکانی به‌رووی هەرێمی کوردستان داخستووە، ئەگەرچی ئێران هۆکاری داخستنەکەی ڕانەگەیاندووە، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند کە لەسەر داوای ئەوانەوە ئێران سنووری داخستووە.
بەگوێرەی زانیاریی چاودێرانی سیاسی، ئەم داخستنە پەیامێکی سیاسییە، بۆ ئەوەی زوومی شەقام لەسەر ئەو خۆڕاگری و سەرکەوتن و یەکڕیزییەی دویشه‌و لە کەرکووک بینرا، لابچێت، بەڵام کاتییە و ئێران سنوورەکانی دەکاتەوە.

سەبارەت بە داخستنی سنوور، سەرۆکوەزیرانی کوردستان (نێچیرڤان بارزانی) ئەمڕۆ لە پرێسکۆنفرانسێکدا ڕایگەیاند، داخستنی سنوور زیان لە ئێران و هەرێم دەدات، بۆیە هیوای خواست بڕیارەکە کاتی بێت. گوتیشی، ئەگەر ئێران بە مەبەستی گوشار ئەوکارە بکات، ئەوا داخستنەکە جگەلەوەی زیانی بۆ هاووڵاتیانی ئێران و هەرێم هەیە ئەگەر نا چارەی هیچ ناکات.


تەنیا کوردی
 

هەواڵی پەیوەندیدار