٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کوردستان تەسلیمی ھەڕەشەکانی عێراق نابێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- چاودێرێکی سیاسی دەڵێت، ھێزی پێشمەرگە بە خوێن ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی لە دەستی داعش ڕزگار کردووە، بۆیە ئاسان نییە حەشدی شەعبی و ھێزە عێراقییەکان وەکو گەشتکردن بێنەوە بۆ ئەو ناوچانە.

حکوومەتی عێراق لە ڕێگەی ھێزە عێراقییەکان و حەشدی شەعبییەوە ماوەی چەند ڕۆژێکە ھەڕەشە لە ھەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت، پێویستە ھێزی پێشمەرگە ئەو ناوچانە چۆڵ بکات، کە لە دەستی داعش ڕزگاری کردوون و ھێزی پێشمەرگە و سەرکردایەتیی کوردیش بە ھەموو شێوەیەک ئەمە ڕەت دەکەنەوە.

لەم بارەیەوە (ئازاد ئەبووبەکر)، چاودێری سیاسی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ھێزی پێشمەرگە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستانی بە خوێنی خۆی لە دەستی تیرۆریستانی داعش ڕزگار کردووە و ئێستاش پارێزگاری لەو ناوچانە دەکات، بۆیە ئاسان نییە حەشدی شەعبی و ھێزە عێراقییەکان وەکو گەشتکردنێک بێن و جارێکی دیکە بگەڕێنەوە بۆ ئەو ناوچانە، بۆیە ئێستا وەک جاران نییە و کوردستان خاوەن ئیرادە و ھێزی پێشمەرگەیە و ڕیفراندۆمیشی ئەنجام داوە و بە ئاسانی تەسلیمی ھەڕرەشەکانی عێراق نابێت.''

بە گوتەی یاساناسان بەغدا زیاتر لە ٥٥ ماددەی دەستووری پێشێل کردووە، کە زۆرینەیان لە بەرامبەر ھەرێمی کوردستاندا بووە، لەو بارەیەوە (ئازاد ئەبووبەکر) گوتی: ''زۆر سەیرە، بەغدا کە خۆی دەستوور پێشێل دەکات و ئێمەش وەکو ھەرێمی کوردستان دەستوور جێبەجێ دەکەین، کەچی بە ئێمە بڵێن ئێوە دەستوور پێشێل دەکەن. کاری سوپا سەر سنوورەکانە، کەچی بێنن بۆ ناو شارەکان و ھەڕەشە لە خەڵکی ناوچە کوردستانییەکان بکەن.''

ھەرێمی کوردستان ئامادەییی خۆی بۆ گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ بەغدا دەربڕی، بەڵام بەغدا گفتوگۆ ڕەت دەکاتەوە. (ئەبوبەکر) ڕوونی کردەوە: ''ئەو کێشانە تازە نین و کۆنن، بۆیە پێویستە کێشەکان لە ڕێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بکرێن، نەک بە ھەڕەشەکردن، بۆیە ئەوان ناتوانن بەزۆر ئەو ناوچانە بگەڕێننەوە بۆ ژێر دەستی خۆیان و، باشترین کار ئەوەیە گفتوگۆ بکەن و بگەڕێنەوە بۆ دەستووری عێراق، چونکە ڕیفراندۆم کراوە و ئیدی پاشگەزبوونەوە نییە، بۆیە پێویستە بەغدا دەستبەرداری ئەو مەرجە بێت و ملکەچی ئەوە بێت کە گفتوگۆ دەست پێ بکرێت.''

فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە لە سنووری دەشتی نەینەوا، (سەید ھەژار) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''لای ئێمە دۆخەکە ئارامە و حەشدی شەعبی لە بەرامبەری ئێمە ھەندێک خێمەیان ھەڵداوە و ھێزی پێشمەرگەش لەوپەڕی ئامادەباشیدایە بۆ ھەر ئەگەرێکی نەخوازراو، چونکە ئەو خاکەی ئێستا ئێمەی لەسەر دەژین، پێویستە بەرگری لێ بکەین، چونکە خودا ئەمەی بە ئێمە بەخشیوە، نەک عێراق و وڵاتانی دیکە، بۆیە ئێمە تازە بڕیارمان لە چارەنووسی خۆمان داوە و ناتوانین جارێکی دیکە لە ژێر دەستی عێراقدا بین و ڕێگەش نادەین یەک بستی خاکی ئێمە داگیر بکرێت.''

(سەید ھەژار) گوتیشی: ''ئێمە شەڕمان ناوێت و داوای ئاشتی دەکەین، بەڵام ئەوەی شەڕ بە ئێمە بفرۆشێت، ئێمەش بەرگری لە خۆمان دەکەین و پەشیمانیان دەکەینەوە، بۆیە پێویستە چاو لە ڕژێمی پێشوو بکەن،  کە زوڵمی کرد، چارەنووسی چۆن بوو، چارەنووسی ئەمانە لە ئەوان خراپتری لێ دێت، بۆیە پێویستە ئاگاداری خۆیان بن.''

بڵند ئیبراھیم 

هەواڵی پەیوەندیدار