٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پارتی و یەکێتی پەیامێکی هاوبەشیان راگەیاند

سەرچاوە: KDP.info

دۆکان-KDP.info- پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە رایگەیاندراوێکی هاوبەشدا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان لە پەیامێکی ٥ خاڵیدا راگەیاند و جەختیان لە دیالۆگی بێ مەرج لە نێوان هەولێر و بەغدا بە چاودێری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردەوە.

ئەمڕۆ دوای ئەوەی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بەسەرپەرشتیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان (مەسعوود بارزانی) و سەرۆککۆماری عێراق (فوئاد مەعسووم) کۆبوونەوە، دوای تەواوبوونی کۆبوونەکە پارتی و یەکێتیی لە راگەیاندراوێکی هاوبەشدا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان لە پێنج خاڵدا راگەیاند.

لە خاڵی یەکەمدا، جەخت لە یەکریزی گەلی کوردستان و هێزە سیاسییەکانی کوردستان کراوەتەوە و بە دەستبەری راپەڕاندنی ئەرکە هاوبەشاکان دانراوە لەم قۆناخەدا.لە خاڵی دووەمدا، یەکێتیی و پارتی، پێداگری خۆیان لە چارەکردنی سەرجەم کێشەکان بە دیالۆگی بێ مەرجی بەرپرسیارانەی بونیاتنەر لە نێوان هەولێر و بەغدا رادەگەیەنێ.لە خاڵی سێیەمدا، هێزە کوردستانییەکان ئێستایش ئامادەن گفتوگۆیەکی بێ مەرج و کراوە بونیاتنەر لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هەولێر و بەغدا  و پرەنسیپە دەستوورییەکان بکرێ.لە خاڵی چوارەمدا لە بەرژەوەندی هەموولایەکی دەزانێ لایەنە سیاسییە سەرەکییەکانی عێراق و کوردستان بەشداری دانوستانی نێوان هەولێر و بەغدا بکەن، لایەنە نێودەوڵەتییەکانیش چاودێری پرۆسەکە بکەن.

لەخاڵی پێنجەمدا هاتووە، لەسەر کێشەی سەربازی و ئاساییش، لە ناوچەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان یان بۆ هەر شوێنێکی دیکە، هەموو چەشنە دەستێوەردانێکی سەربازیی یان جوڵاندنی هێز و هەڕەشە جگە لە مەرترسییەکانی لەسەر پێوەندی نێوان هەرێم و بەغدا هەڕەشەیشە لەسەر هەر هەڵێکی راستگۆیانە بۆ چارەی ئاشتیانەی کێشەکان، هەروەها راستەوخۆ پێشێلکاری یاسا و رێسایە کە بڕیاریان لێ دراوە، ئەگەر هێزە چەکدارەکانی عێراق بۆ یەکلاکردنەوەی کێشە سیاسییە نێوخۆییەکان بەکاربهێندرێ.

لە کۆتایشدا کۆبوونەوەکە سڵاوی بۆ هێزی پێشمەرگە کە لە شەڕی تیکشکاندنی داعشدا پێناسەی پارێزەری ئازادی جیهانیان وەرگرت نارد و کە ئێستایش سەنگەری پێشەوەی بەدێهێنانی ئامانجەکانمانن.

 

هەواڵی پەیوەندیدار