٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ڕاگرتنی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان، زیانی گەورە بە وڵاتانی ئەورووپایش دەگەیێنێت

سەرچاوە: KDP.info

 

ھەولێر-KDP.info-  شارەزایەکی بواری نەوت دەڵێت، ئەگەر ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە رابگیرێت، هەر ھەرێمی کوردستان نا، بەڵکو ھەموو ئەوروپا زیانی بەر دەکەوێت، هاوکات تورکیاش رووبەڕووی یاسا دەبێتەوە، پێویستە قەرەبووی ھەموو زیانەکانی ھەرێم و کۆمپانیاکانی بواری نەوت بکاتەوە.


ئاژانسی وزەی جیھانی لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە ئەگەری ڕاگرتنی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە، هەر تەنیا زیان بە ھەرێمی کوردستان ماگەیێنێ، بەڵکو زیانێکی گەورە  بە وڵاتانی ئەورووپایش دەگەیێنێت.
هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی نێو ڕاپۆرتەکە، زۆرترین زیان بە ئیتاڵیا دەکەوێت، جگە لەوەش کڕواتیا و ئیسرائیل و ئیسپانیا و یۆنان، کە کڕیاری نەوتی کوردستانن، ئەمەش لە کاتێکدایە حکوومەتی بەغدا داوای لە تورکیا کردووە، کە ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە رێگەی خاکی تورکیاوە رابگرێت .

(د.عەلی بەلۆ) کە شارەزای بواری نەوتە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "ئەگەر نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە رابگیرێت، زیانی زۆر بە ئەورووپا دەگەیێنێت، چونکە کاتێک رێکخراوی ئۆپێک ویستی ھاوسەنگیی ھەناردەکردنی نەوت لە بازاڕەکانی جیھان درووست ببێت، ٥٨٠ ھەزار بەرمیل نەوتی کەم کردەوە و ئێستا ھەرێمی کوردستان زیاتر لە ٦٠٠ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردە دەکات، بۆیە ئەمە وا دەکات زیانی نەک بەر ھەرێم، بەر وڵاتانیش بکەوێت و رێگەی ھەناردەکردنی نەوت بۆ وڵاتان کەم دەبێتە، بۆیە زەحمەتە ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم بۆ دەرەوە رابگیرێت".

لە بارەی ئەوەی ئەگەر تورکیا ھەنگاوێکی لەو شێوەیە بنێت سزاکەی چیی دەبێت؟ (بەلۆ) گوتی: "خاڵێکی رێککەوتنی نێوان ھەرێم و تورکیا ئەوەیە، سەرەڕای ئەوەی دۆخی سیاسی ھەرچۆنێک بێت، نابێت نە ھەرێم و نە تورکیا ھەناردەکردنی نەوت بۆ دەرەوە رابگرن، گەرنا تووشی زیان و رووبەڕووی یاسا دەبنەوە، بۆیە ئەگەر تورکیا ھەنگاوێکی لەو شێوەیە بنێت، ئەگەر ھەرێم لە دادگایەکی نێودەوڵەتی سکاڵا تۆمار بکات، تورکیا پێویستە زیانەکانی ھەرێم و ھەموو ئەو کۆمپانیایانەی کە لە ھەرێم کار دەکەن قەرەبوو بکاتەوە، ھەر بۆیەشە تورکیا ناتوانێت ھەنگاوێکی لەو شێوەیە بنێت".

ئاژانسی وزەی جیھانی لە ڕاپۆرتی خۆیدا باسی لەوەش کردووە، کە کۆمپانیای (رۆسنەفت) گرێبەستێکی لەگەڵ ھەرێم کردووە، بڕیارە تا ساڵی ٢٠١٩ بۆریی غاز لە ھەرێم بۆ خاکی تورکیا، هاوکات لەوێیشەوە بۆ وڵاتانی ئەورووپا راکێشێت، ئێستا سەرەڕای ئەو ئاڵۆزییانەی ھەیە، ئەو کۆمپانیایە ئامادە نییە کارەکانی رابگرێت، بگرە پەرە بە کارەکانی دەدات بۆ ئەوەی پڕۆژەکە تەواو بکات.
لەوبارەیەوە (بەلۆ) ڕوونی کردەوە، لە ئێستادا ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان چووەتە سەر نەخشەی وزەی جیھانی، ئەگەر بۆریی غازیش رەوانە بکات، کە گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای (رۆسنەفت) کردووە، لە ساڵی ٢٠١٩ جێبەجێ دەکرێت، ئەوکات ھەرێمی کوردستان لە ڕووی وزەوە کاریگەریی زۆری لەسەر نەخشەی وزەی جیھانی دەبێت.

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار