حەفتەی دابێ، بەرنامە چاکسازییەکەی وەزارەتی پێشمەرگە جێبەجێ دەکرێت

هەولێر-KDP.info- بەرپرسێکی وەزارەتی پێشمەرگە ئاشکرای کرد، لە حەفتەی دابێ، بەرنامە چاکسازییەکەی وەزارەتی پێشمەرگە دەچێتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە و بڕیارە، ئەو ٣٥ خاڵەی لەلایەن سەرۆکی ھەرێمی کوردستانەوە پەسەند کراوە، وەک خۆی جێبەجێ بکرێن.
(عەمید ھەژار عومەر) بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند "وەزارەتی پێشمەرگە لە چوارچێوەی پلانی چاکسازیی خۆیدا، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی چاکسازی لە وەزارەت دامەزراندووە و ھەموو کاروبارەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە کۆتایی ھاتووە، فەرمانبەر و تیمی بەڕێوەبردنی چاکسازییش دەستبەکار بوونە بۆ کارکردن، بڕیارە لە حەفتەی دابێ، پلانی چاکسازی لەنێو وەزارەتی پێشمەرگەدا جێبەجێ بکرێت.
عەمید (ھەژار عومەر) گوتیشی "ئەو ٣٥ خاڵەی لەلایەن سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پەسەند کراون، کە بۆ باشترکردنی ژیانی پێشمەرگە و رێکخستنەوەی ھەیکەلی وەزارەتە، ھەموویان وەک خۆی جێبەجێ دەکرێن، بەڵام سەرەتا ئەولەویەت بۆ ئەو خاڵانە دەبێت کە بۆ جێبەجێکردن ئاسانن، ھەرچیی پێویستیش بێت لەو چوارچێوەیەدا دەکەین بۆ ئەوەی پلانەکە وەک خۆی بچێتە واری جێبەجێکردنەوە."
پێشتر عەمید(ھەڵگورد حیکمەت) بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕایگەیاندووە، جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیە سێ ساڵی بۆ دانراوە، وەک ئەو گوتی، کاتی دەوێت تاوەکو جێبەجێ دەکرێت، چونکە وەزارەتێکی پرۆفیشناڵ دروست دەکرێت ھاوشێوەی وڵاتانی ھاوپەیمان و مەشق و ڕاھێنان بە ھێزەکان دەکرێ و رێکدەخرێن، لەبەر ئەوە ئەمانە ھەمووی کاتی دەوێت.
لە چوارچێوەی ئەو پڕۆژەیەدا دروستکردنی ھێزێکی ئاسمانی ھەیە، بەڵام (ھەڵگورد حیکمەت) زانیاریی دا کە ئەمە پێویستی بە وردەکاری ھەیە لەوەی کە چۆن دروست دەکرێت.
بە بەشداریی وڵاتانی ھاوپەیمانی جەنگی دژ بە داعش کە ئەمەریکا رابەرایەتیی دەکات، پڕۆژەیەک بۆ ھەیکەلی نوێی وەزارەتی پێشمەرگە کە ھاوشێوەی وڵاتانی ھاوپەیمانە، ئامادە کراوە و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و ئەنجوومەنی وەزیران پەسەندیان کردووە.
قائید میرۆ




