٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عەدنان کەرکووکی: هەست ناکەی هێزێکی "فشۆڵ" مەترسییە بۆ سەر کەرکووک

سەرچاوە: KDP.info

 

کەرکووک-KDP.info-   گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی لە کەرکووک، رایدەگەیەنێت، جیا لەوانەی کە وەک پیشەی هەمیشەییان خۆفرۆشی لە خوێنیاندایە، ئەو ئامادەییەی پیشمەرگە و پشتیوانیی هاووڵاتیانی کوردستانیان بۆ بەرگریکردن لە کەرکووک، بۆ هەموو جیهانی نیشان دا، کە کورد خاوەن ئیرادەی خۆیەتی. دەشڵێ، "ڕەوشی شارەکە ئاساییە و هەست ناکەیت هێزێکی فشۆڵ مەترسییە بۆ سەری."

(عەدنان کەرکووکی) لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، رایگەیاند: "هاووڵاتیانی شاری کەرکووک بە خۆئامادەکردنیان بۆ بەرگریکردن لە شارەکە، ئیرادەی کوردیان پیشانی هەموو جیهان دا، کە خەڵکی شارەکە نایانەوێت جارێکی تر بکەونەوە ژێر دەستی داگیرکەران، جیا لەوانەی کە وەک پیشەی هەمیشەییان خۆفرۆشی لە خوێنیاندایە".

لە دوای ریفرەندۆمی ٢٥ی ئەیلوول بۆ سەربەخۆییی هەرێمی کوردستان، بەغدا چەندین سزای بەسەر هەرێمی کوردستاندا سەپاند، هاوکات بە جووڵەپێکردنی هێزەکانی حەشدی شەعبی و سوپا بۆ سەر شاری کەرکووک، کە گوایە سەعات دووی شەوی رابردوو وادەی هێرشیان بۆ سەر شارەکە وەک سەعاتی سفر دەس پێ دەکرد، هاووڵاتیانی شاری کەرکووک و شار و شارۆچکەکانی دیکەی باشووری کوردستانیش بە پیاو و ئافرەتەوە، ئامادەیی خۆیان بۆ پشتیوانی بەرگریکردن لە خاکی کوردستان و، بەرپەرچدانەوەی هێرشی نەیار و دوژمنانی کوردستان نیشان دا.

سەبارەت بە هەڵوێستی پێکهاتەکانی تری شارەکە، (کەرکووکی) گوتی: "کورد و تورکمان و عەرەب و کلد و ئاشووری رەسەنی پارێزگاکە پاڵپشتی پێشمەرگەن، هەموویشیان دەست لەسەر تفەنگ بوون"، هۆکاری ئەو یەکڕیزییەشی بۆ بە دڵ پاراستنی شارەکە و گشت پێکهاتەکانی گێڕایەوە، کە لە لایەن هێزەکانی پێشمەرگە و دەزگا ئاسایشییەکانی کوردەوە بێ جیاوازی دەپارێزرێن.

گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی لە کەرکووک پێی وایە، ئەو پیلانە تەنیا بۆ شاری کەرکووک نییە و خەونێکی لەمێژینەی بەغدایە بۆ داگیرکردنەوەی هەرێمی کوردستان، گوتیشی: "گەلی کوردستان چاوی لە بستێ خاکی کەس نییە، بەڵام داگیرکردنی خاکەکەشی لە لایەن هیچ کەسێکەوە قەبووڵ ناکات، ئەو هێرشەی نیازیان هەیە بیکەن، ئەبێ باش بزانن هێزێکی پۆڵایینی پێشمەرگە لەژێر سەرکردایەتییەکی حەکیمانەی کوردەوە هەیە، کە تا ئەودیو حەمرین راویان دەنێینەوە".

سەبارەت بە بارودۆخی شارەکەش، ئەو ئاماژە بە ئاسایی هاتوچۆ و بازاڕ و دەوامی فەرمانگەکانی شارەکە دەکات، گوتیشی: "ئێستا کەرکووک وەک شارێکی ئەورووپا وایە، کە ژیان تێیدا زۆر ئاساییە و هەست ناکەیت، کە هێزێکی فشۆڵ بۆتە مەترسی بۆ سەری، ئەوەشمان بیر نەچێت، کە زۆربەی هاووڵاتیانی شارەکەش تفەنگەکانیان لە شوێنی کارەکەی خۆی چەکی ئامادەیە بۆ هەر رووداوێک".

خێڵان بەختیار

هەواڵی پەیوەندیدار