مەحموود عوسمان: کورد یەکگرتوو بن، بەغدا ناچار دەبێت گفتوگۆ بکات

ھەولێر-KDP.info- سیاسەتمەدار (مەحموود عوسمان) دەڵێت، ئەگەر لایەنەکانی ھەرێمی کوردستان یەکھەڵوێست و یەکگرتوو بن، بەغدا ناتوانێت زەفەر بە ھەرێمی کوردستان ببات و ناچار دەبێت بێتە ژێر باری گفتوگۆوە.
هەن پێیان وایە، هۆکاری گرژتربوونی پێوەندیی هەولێر و بەغدا، ڕاپرسی بۆ سەربەخۆیی باشووری کوردستانە، بەڵام سیاسەتمەداری باشووری کورد (د.مەحموود عوسمان)، کە دەیان ساڵ لە خەبات و تێکۆشانی لەپێناو ڕزگاریی کوردستاندا بووە و، یەکێک بووە لەو کارەکتەرە سیاسیانەی باشووری کوردستان، کە لە زۆربەی دانوستانەکانی سەرکردایەتیی شۆڕش و ڕژێمەکانی عێراقدا ئامادەیی هەبووە، جەخت دەکاتەوە "پێش ئەنجامدانی ریفراندۆمیش لە کاتی شەڕی داعش، ئەوان نیەتی ئەوەیان ھەبوو کە ئەو شوێنانەی پێشمەرگە رزگاری کردوونە، رادەستی حکوومەتی عێراق بکرێنەوە، بەڵام دوای ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی ئەوان زیاتر کێشەکەیان گەورەتر کردووە ".
ئاماژە بەوەی کە کورد داوای گفتوگۆ دەکات و ئامادەش نییە ئەو شوێنانە رادەستی حکوومەتی عێراق بکات، ڕایگەیاند، "ئەگەر ئەوان بیانەوێت بە زۆر بێن بۆ ئەو ناوچانە کوردیش بەرگری لە خۆی دەکات، بەڵام ئەوەی گرینگە پێویستە کورد یەکگرتوو و یەکھەڵوێست بێت، بەتایبەت پارتی و یەکێتی و حیزبەکانی دیکەش پشتگیرییان بکەن، چونکە ئەگەر یەکھەڵوێست بن دۆخەکە زۆر باش دەبێت و ئەگەر رای جیاوازیش ھەبیت ئەوە خراپە."
وەک (د.مەحموود عوسمان) دەڵێ، ئەگەر بەغدا بزانێت کورد یەکگرتوو نییە رەنگە ھەڕەشەکانی جێبەجێ بکات، بەڵام گەر بزانێت یەکگرتوون ئەوکاتە بەغدا ناچار دەبێت گفتوگۆ لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دەستپێبکات.
لە سەرەتای شەڕی دژ بە تیرۆرەوە، هەرێمی کوردستان وەک هاوپەیمانی سەرەکی لە نێو هاوپەیمانەتیی دژ بە داعش کە ئەمەریکا ڕابەرایەتیی دەکات دەرکەوت، پێشمەرگەش وەک سەرەکیترین و بوێرترین هێزی ئەو هاوپەیمانەتییە و لە ماوەی چوار ساڵی شەڕی تیرۆردا، نزیکەی ٢٠٠٠شەهیدی داوە.
دەربارەی هەڵوێستی ئەمەریکا بە تایبەت، لە پرسی گرژی و ئاڵۆزییەکانی هەولێر و بەغدا، (د. مەحمەەد عوسمان) رایگەیاند، ئەمەریکا ئێستا ھاتووەتە سەر خەت. (برێت مەکۆرگ) لە بەغدا خەریکە بەرپرسە عێراقییەکان دەبینێت و باس لەوەدەکات نایانەوێت شەڕ دروست بێت و رەنگە سەردانی ھەرێمی کوردستانیش بکات، بۆ ھەمان مەبەست، بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەنێوان ھەرێم و بەغدا دەست پێبکات.
بڵند ئیبراھیم




