٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پارچە زەوی بەسەر شەهیدانی شەڕی داعش دابەش دەكرێت

سەرچاوە: KDP.info
 
سۆران-KDP.info-  بەڕێوەبەری گشتی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان ده‌ڵێ، لە چەند ناوچەیەك بەتایبەتی لە سنووری پارێزگای دهۆك زەوییان بەسەر شەهیدانی شەڕی داعش دابەش كردووە، لە شوێنەكانی دیكەش لە هەوڵی بەردەوام داین، لە هەر شوێنێك پارچە زەوی تەرخان كرابێت، بەسەر كەسوكاری شەهیدان دابەشی دەكەین. لەلایەكی دیكەوە، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی سۆران ده‌ڵێ، لە رۆژانی دابێ لە سۆران یەكەی نیشتەجێ بوون بەسەر كەسوكاری شەهیدان دابەش دەكرێن.
 
(بەرەڤان حەمدی) بەڕێوەبەری گشتی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، "یەكەی نیشتەجێ بوون لە چوارچێوەی یاسای ژمارە 9ی ماف و ئیمتیازاتی كەسوكاری شەهیدان هەیە، ئەوانەی فەرمانی ئەنجوومەنیان هەیە لە ڕێگەی شارەوانییەكان زەویان بۆ دابین دەكرێت، ئەوانەی فەرمانیشیان نیە، لە هەوڵداین فەرمانیان بۆ دەربچێت، وەزارەتی شارەوانی زەوییەكان دابین دەكات، چونكە ئەوانیش كێشەی كەمی زەوییان هەیە بەتایبەتی لەگەڵ وەزارەتی كشتوكاڵ و دارایی، زەوییەكان ئامادە دەكرێن بۆ دابەش بوون."
 
(حەمدی) گوتیشی، "بە پێی زەرورەت زەوییەكان دابەش دەكرێن، بۆ نموونە لە ماوەی رابردوو لە سنووری دهۆك 357 پارچە زەوی بەسەر شەهیدانی شەڕی داعش دابەش كران، كە سنووری قەزاكانی دهۆك، سێمێل، ئامێدی و شێخانی گرتبوویەوە، لەگەڵ قەزاكانی ئاكرێ و بەردەڕەش كە لەو ناوچانە بەسەریاندا دابەش كران، لە شوێنەكانی دیكەش لە هەوڵی بەردەوام داین، لە هەر شوێنێك پارچە زەویی تەرخان كرا پڕۆژەی دابەشكردن دەست پێ دەكەین."
 
لەلایەكی دیكەوە (ئەشقی مەلا) بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی سۆران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، "وەكو خزمەتێك بە كەسوكاری شەهیدە سەربەرزەكانی شەڕی دژ بە داعش، چەندین یەكەی نیشتەجێ بوون لە سۆران ئامادەكراون و بڕیار دراوە ئەوانە بەسەر كەسوكاری شەهیداندا دابەش بكرێن.
 
(ئەشقی مەلا) گوتیشی، "ئەگەرچی بڕیاربوو ئەم یەكانە زووتر دابەش بكرێن، بەڵام بەهۆی چەند كەموكوڕییەكی خزمەتگوزارییەوە دواخران، بەڵام خۆشبەختانە بە هاوكاری قایمقامی سۆران و لایەنە پەیوەندیدارەكان، ئەم كێشە و گرفتانە چارەسەر كراون و لە رۆژانی داهاتوودا لە ڕێگەی لیژنەیەكەوە لە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوان دەست بەدابەشكردنیان دەكەین، كەسوكاری شەهیدانیش ئازادن ئەگەر پارچە زەوییان دەوێت، ئەوا لە هەولێر وەردەگرن، ئەگەر یەكەی نیشتەجێ بوونیشیان دەوێت ئەوا لە سۆران بەسەریاندا دابەش دەكەین".
 
ڕابین شێروانی
 

هەواڵی پەیوەندیدار