نیعمەت عەبدوڵڵا: ھاتنە سەر خەتی ئەمەریکا ئیجابییە
ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی یەکێتی پەرلەمانتارانی کوردستان دەڵێ، ھاتنە سەرخەتی ئەمەریکا بۆ ئەو ھەڕەشانەی بهغدا کە ھێرشی سەرکەرکووک و ناوچەکانی دیکە بکات کارێکی زۆر باشە، بەڵام پێویستە ھەرێمی کوردستان ئامادەکاری خۆی بکات بۆ ھەر ئەگەرێکی نەخوازرا و پشتگوێی نەخات.
(نیعمەت عەبدوڵڵا) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "ھاتنەسەر خەتی ئەمەریکا لەڕێگەی وەزیری بەرگریەوە کارێکی باشە، بۆ ئەوەی ھەوڵ بدرێت شەڕ رونەدات، بەڵام ناکرێت ئەمە پشتگوێ بخرێت و پێویستە ئامادەکاری خۆمان بکەین، ھەر چەندە ھێزی پێشمەرگەی كوردستان لەوپەڕی ئامادەباشیدایە بۆھەر ئەگەرێکی نەخوازراو."
سەرۆکی یەکێتی پەرلەمانتاران گوتیشی، "پێویستە خۆمان لەلێدوانی توند بەدوور بگرین و ھەریەکە و لەشوێنی خۆی لێدوانی توند نەدات، چونکە شەڕکردن سوودی بۆ ھیچ لایەک نابێت و دواجار پێویستە بە گفتوگۆ کێشەکان چارەسەر بکەین، لەبەر ئەوەی لەشەڕدا گەلی عێراق و ھەرێم زیانیان بەردەکەوێت و دواجاریش ھەر دەبێت بەئاشتی ھەموو پرسەکان یەکلایی بکرێنەوە، بۆیە پێویستە ھەموو ھەوڵەکان بەو ئاراستەیەبن گفتوگۆ بکرێت نەک شەڕکردن."
بڵند ئیبراھیم




