بازیانی: ئەمریکا ھۆشداری داوەتە بەغدا.. ھەڕەشەکان لەوە زیاتر نابن

ههولێر-KDP.info- سەرۆکی سەنتەری ھودا بۆ توێژینەوەی سیاسی پێی وایە، ریفڕاندۆم ئامانجەکەی پێکا و پرسی گەلی کوردستانی کردە پرسێکی نێودەوڵەتی بۆ بەدەستھێنانی سەربەخۆیی دەشڵێ، ئەمریکا ھۆشداری داوەتە بەغدا پەنا بۆ بەکارھێنانی ھێز نەبات.
(دکتۆر محەممەد بازیانی) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "ریفڕاندۆمی ھەرێمی کوردستان گەیشتووتە ئامانجی خۆی لەوەی گەلی کوردستان رۆژی ٢٥ی ئەیلوول بڕیاری خۆیداوە بۆ سەربەخۆیی، ئێستا ھەرێمی کوردستان بۆتە ژمارەیەکی گەورە لە جیھاندا و دۆزی ئێمەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بردۆتە قۆناغێکی زۆر باشتر لە پێشوو، چونکە ئەگەر تێبینی بکەین پرسی کورد و ریفڕاندۆم لەدوای ٢٥ی ئەیلوول میدیا و رۆژنامە جیھانیەکانی سەرتاسەری دنیای بەخۆە سەرقالکردووە و دنیا ھاتووتە سەرخەت."
(بازیانی) ھەڕەشەکانی بهغدا بە فشاری کاتی دەزانێت و دهڵێ، "رەنگە ھاووڵاتیانی ئێمە پرسیاری ئەوەیان لەلا دروستبێت بڵێن ئەوەتا دەوروبەر و بهغدا ھەڕەشەمان لێدەکەن، بەڵام ھەڕەشەکان ھەرئەوەندەن و زیاتر ناتوانن خەڵکی ئێمە سزا بدەن، چونکە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رازینابێت بەھۆی پڕۆسەیەکی دیموکراتی و شارستانی ھەرێمی کوردستان ئابڵوقە بدرێت، ئەو ھەڕەشە و لێدوانە ئاگرینانەی دەدرێت وەک کەفی سەر ئاو بەخۆیان دەتوێنەوە."
سەرۆکی سەنتەری ھودا بۆ توێژینەوەی سیاسی دەشڵێ، "ئێستا ھەڵوێستی ئەمریکاش رونە دەربارەی ھەرێمی کوردستان و یەک دوو رۆژە ئەمریکا بە راشکاوانە ئەوەی بە بهغدا گەیاندووە ئەوان رازینابن بەھیچ شێوەیەک ھێز بەرامبەر ھەرێمی کوردستان بەکاربھێندرێت، لەبەر ئەوەش پێویستە بنەمای دانوستان لەلایەن ھەرێمی کوردستان ھەر بمێنێ و کێشەکان لەچوارچێوەی دانوستان چارەسەربکرێن."
قائید میرۆ




