بەرپرسی لقی ٣ـی پارتی: حەشدیشەعبی نیازی خراپه

کەرکووک-KDP.info- بەرپرسی لقی سێی پارتی دیموكراتی كوردستان لە کەرکووک دهڵێ، حەشدی شەعبی نیازیان خراپه و، فەرماندەکانی ھێزی پێشمەرگە و ھێزە ئەمنییەکانیش دەستەڵاتی ئەوەیان پێ دراوە بۆ پاراستنی ناوچەکە بەرگری بکەن.
بەگوێرەی زانیارییەکان، بە خۆنزیککردنەوە لە سەنگەرەکانی پێشمەرگە کە پارێزگاری لە سنووری کوردستان دەکەن، حەشدی شەعبی نیازی باش نییە و بەوە تۆمەتبار دەکرێ کە دەیەوێ شەڕ بنێتەوە.
دوێنێ ئێوارەش ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، پەیامی مەترسیداریان پێگەیشتووە لەوەی حەشدی شەعبی و پۆلیسی فیدڕاڵ نیازی ھێرشکردنیان بۆ سەر ھەرێمی کوردستان ھەیە.
(د. محەممەد خورشید) لەمبارەوە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت، حەشدیشەعبی نیازی خراپی ھەیە لە سنووری ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و کەرکووک بە تایبەت و، جەختی کردەوە "بەپێی ئەو زانیاریانه بە ئێمە گەیشتوون، حەشدی شەعبی لە سنوورەکانی نزیک سەنگەرەکانی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان کەوتوونەتە جووڵە و کۆکردنەوەی ھێز، ئەوەش نیشانەی ئەوەیە نیازی خراپیان ھەبێت بەرانبەر بەو ناوچانە."
لە ئەگەری بەکردەنیکردنی ئەو جموجۆڵە و خۆنزیککردنەوەی حەشدیشەعبی، کە بە واتای هەڵگیرساندنی شەڕ دەبێ بەرانبەر بە کوردستان، هەڵوێستی پێشمەرگە چۆن دەبێ، (دکتۆر محەممەد خورشید) دهڵێ، "ڕێنمایی و دەستەڵاتی تەواو دراوە بە فەرماندەکانی ھێزی پێشمەرگە و ھێزە ئەمنییەکان، بۆ ئەوەی ھەرچیی پێویستە بۆ پاراستنی ناوچەکە بیگرنە بەر، بێگومان ھەر مەترسییەک رووبەڕووی ناوچە کوردستانیەکان ببێتەوە، ئەوا ھێزی پێشمەرگە ئەرکی پاراستن و بەرگری لەخۆ گرتووە."
قائید میرۆ




