٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

خوێندی باڵا: پرۆسەی یەکسانکردنی بڕوانامەکانی بەئەلکیترۆنی بڵاوکردەوە

سەرچاوە: KDP.info
 
ھەولێر-KDP.info- وەزارەتی خوێندنی باڵا پرۆسەی یەکسانکردنی بڕوانامەکانی بەئەلکیترۆنی بڵاوکردەوە، لیستی نوێی ئەو زانکۆیانەی دەرەوەی وڵات ڕادەگەیەنێت، کە لەمەودوا لەلایەن وەزارەتەوە پەسەندکراو و باوەڕپێکراون بۆ مەبەستی مۆڵەتی خوێندن و تواناسازی و ھەموو جۆرەکانی دیکەی خوێندن لەدەرەوەی وڵات و یەکسانکردنی بڕوانامەکان.
 
بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لیستی نوێی زانکۆیەکانی دەرەوەی وڵات ڕادەگەیەنێت، کە لەمەودوا لەلایەن وەزارەتەوە پەسەندکراو و باوەڕپێکراون بۆ مەبەستی مۆڵەتی خوێندن و تواناسازی و ھەموو جۆرەکانی دیکەی خوێندن لەدەرەوەی وڵات و یەکسانکردنی بڕوانامەکان.
 
ئەم لیستە، لەلایەن (د.یوسف گۆران) وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پەسند کرا، لەسەر بنەماو پێوەری زانستی ئامادەکراوە و، سوود لە سیستمە جیاکانی ڕیزبەندی نێودەوڵەتی و نیشتیمانی زانکۆکانی وڵاتانی جیھان وەرگیراوە.
 
ھاوکات، ئەو خوازیارنەی دەیانەوێ لە دەرەوەی وڵات درێژە بە خوێندن بدەن، پێویستە ڕەچاوی ئەم خاڵانەی لای خوارەوە بکەن:
 
١-لیستی نوێی زانکۆ پەسەندکراوەکانی دەرەوەی وڵات لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ھەرێمی کوردستان لە ڕێکەوتی (١ / ٩/ ٢٠١٧)ەوە کاری پێدەکرێت.
 
٢. پابەندبون بەم لیستە، پێشکەشکارانی ھەموو جۆرەکانی خوێندنی باڵا (ماستەر و دکتۆرا) لەدەرەوەی وڵات دەگرێتەوە (مۆڵەتی خوێندن، تواناسازی، زەمالە)، ھەروەک ئەو کەسانەش دەگرێتەوە کە دەخوازن بەشێوازی (نفقە و مۆڵەتی بێ مووچە) دەیانەوێت درێژە بە خوێندن بدەن.
 
٣. ئەو کەسانەی لە دوای ئەم ڕێكکەوتەوە داواکاری بۆ خوێندن لەدەرەوەی وڵات پیشکەش دەکەن، پێویستە (ئۆفەری خوێندن، کۆرسی زمان و کۆرسی ئەکادیمی) لەیەکێک لەو زانکۆیانە بەدەست بھێنن، کە لە لیستەکەدا ناوی ھاتوە، بە پێچەوانەوە لە دوای گەڕانەوەیان مامەڵەی یەکسانکردنی بڕوانامەیان بۆ جێبەجێ ناکرێ.
 
٤. پێشکەشکارانی ھەموو جۆرەکانی خوێندن لە دەرەوەی وڵات پێویستە بەر لە ڕۆیشتن سەردانی فەرمانگەی نێردراوان و پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەکان لە دیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی بکەن، بۆ مەبەستی دڵنیابون لە بونی زانکۆکەیان لە لیستی زانکۆ پەسەندکراوەکانی وەزارەت و کردنەوەی فایلی خوێندن لە بەڕێوەبەرایەتی نێردراوان لە دیوانی وەزارەت.
 
٥. ئەو کەسانەی کە لە دەزگاو دامەزراوەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دانەمەزراون و خوازیارن لەدەرەوەی وڵات درێژە بە خوێندن بدەن و، دوای تەواوکردنی خوێندن دەیانەوێت لەھەرێمی کوردستان کار بکەن،  پێویستە بە ھەمان شێوە لە ڕێكکەوتی (١/ ٩/ ٢٠١٧)ەوە پابەند بن بە لیستی نوێی زانکۆ پەسەندکراوەکانی دەرەوەی وڵات.
 
٦. بڕیاری پابەندبون بە لیستی نوێی زانکۆ پەسەندکراوەکانی دەرەوەی وڵات ئەو کەسانە ناگرێتەوە کە دانیشتوی دەرەوەی ئێراقن و ڕەگەزنامەی بیانیان ھەیە. 
 
٧. لیستی نوێی زانکۆ پەسەندکراوەکانی دەرەوەی وڵات ئەو کەسانەش ناگرێتەوە کە پێش ڕێكکەوتی (١/ ٩/ ٢٠١٧) لە دەرەوەی وڵات دەستیان بە خوێندن کردوە، بەڵکو بە لیستی پێشتر مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێ.
 
 
لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئاگاداری خوازیارانی خوێندن لە دەرەوەی وڵات دەکات جا بۆ ھەر ئاستێکی خوێندن بێ (دبلۆم، بەکالۆریۆس، ماستەر، دکتۆرا، بۆرد، پۆست دکتۆرا)، پێویستە بەر لەوەی بڕۆنە دەرەوەی وڵات دەبێ لە فەرمانگەی نێردراوان و پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەکان/ بەڕێوەبەرایەتی نێردراوان فایلی خوێندن بکاتەوە، بەپێچەوانەوە دوای گەڕانەوەی کاری یەکسانکردنی بڕوانامەی بۆ ڕایی ناکرێ.
 
ھاوکات وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی خوازیارانی خوێندنی پزیشکی ئاگادار دەکات، بەتایبەت ئەوانەی دەخوازن لە دەرەوەی وڵات درێژە بەخوێندن بدەن لە بوارە جیاکانی پزیشکی و بڕوانامەی بەکالۆریۆس بەدەست بێنن، پێویستە بەر لە ڕۆیشتنیان پشتگیری و لارینەبوونی وەزارەتی تەندروستی بھێنن و، لە فەرمانگەی نێردراوان و پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەکان/ بەڕێوەبەرایەتی نێردراوان فایلی خوێندن بکاتەوە، بەپێچەوانەوە دواتر لە گەڕانەوەی یەکسانکردنی بڕوانامەکەی بۆ ناکرێ.
 
لەو پڕۆسەیەدا، خوازیاران بەشێوەی ئۆنلاین دەتوانن داواکاری بۆ یەکسانکردنی بڕوانامەکان لە ڕێگەی وێبسایتێک پێشکەش بکەن، لەسەر ئەو وێبسایتەدا سەرجەم زانیاری و دۆکیۆمینتەکانی پێشکەشکردن، لیستی ناوی زانکۆ باوەڕپێکراوەکان و پرسیارە دوبارەکان دانراوە، بۆیە خوازیار بەر لەوەی داواکاری بەشێوەی ئۆنلاین پێشکەش بکات دەبێ سەرجەم زانیارییەکان بەوردی بخوێنێتەوە پاشان داواکاری پێشکەش بکات، ئەوەش وادەکات ھیچ مامەڵەیەکی ھاووڵاتیان دوو مانگ زیاتر نەخاێنێت.
 
 
 

هەواڵی پەیوەندیدار