پەرلەمانتارێک: دادگای عێراقی سەربەخۆ نییە

دهۆك -KDP.info-ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەران دەڵێ، بڕیاری دەستگیركردنی بەرپرسانی كۆمسیۆن، بڕیارێكی نادروست و سیاسییە و گوتی، ئەمەشیان وەک بڕیارەكانی دیكە، "دەلیلی ئەوەیە كە دادگای عێراقی سەربەخۆ نییە."
چەند ڕۆژێک پیشتر دادگای باڵای عێراق رەتی كردەوە دۆسیەی 10 پەرلەمانتارە كوردەكان وەربگرێت كە لیژنەیەكی پەرلەمانی عێراق بڕیاری دوورخستنەوەیانی لە پەرلەمانی عێراق پەسند كردبوو، بەهۆی بەشداریكردنیان لە ریفراندۆم.
لەبارەوە (نەجیبە نەجیب) ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران له فراكسیۆنی پارتی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، "ئەو بڕیارە چونكە بڕیارێكی سیاسییە، بۆیە دادگای باڵای عێراق ئەوەندە گوێی پێ نەدا، هەر لەبەر ئەوەش ڕەتی كردەوە، بەڵام هەوڵەكانی ئەو پەرلەمانتارانە بەردەوام دەبن، چونكە چاوەڕوانی ئەوەن شەقامی عێراقی بۆ لای خۆیان ڕابكێشن و ریكلامی هەڵبژاردن لەسەر حیسابی كورد بۆ خۆیان بكەن، ئەوان لەسەر ئەوەش ڕاناوەست، بەڵام ئێمە وەكو كورد لە ئەوان بێ منەتین و ئەوان چ دهكەن، با بیكەن، چونكە نە دەستوور لە بەغدا ماوە، نە یاسا، بەڵكو تەنیا ناحەزانی كورد ماون و هەر یەكە و لەلای خۆیەوە بڕیارێك دژی كورد دەردەكات."
بڕیارگەلەکەی بەغدا کە سزادانی بەکۆمەڵی کوردستانیانە، هێدی هێدی فراوانتر دەبێ و دوێنێیش دادگای ڕەسافەی بەغدا، بڕیاری دەستگیرکردنی کۆمسیارانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی کوردستانی دەرکرد، (نەجیب) دەڵێ، "بڕیاری دەستگیركردنی بەرپرسانی كۆمسیۆن، بڕیارێكی نادروست و سیاسییە، هەر وەكو بڕیارەكانی دیكە، ئەوەش دەلیلی ئەوەیە كە دادگای عێراقی سەربەخۆ نییە، بەڵكو بەپێی بڕیارەكانی سیاسی كار دەكات."
سەرۆك و ئەندامانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی کوردستان، بەپێی یاسای پەرلەمانی كوردستان كار دەكات، هەبوونی ئەو لە دەستووری عێراقدا پەسەند كراوە، هەموو دەسەڵاتەكانی كۆمسیۆن دەستووری و یاسایینە.
ڕابین شێروانی




