مامۆستایانی زانكۆ: گەلی كوردستان بڕیاری خۆی داوە و زمانی هەڕەشەش سوودی نەماوە

هەولێر-KDP.info- مامۆستایانی زانكۆ ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، كە حكوومەتی بهغدا مافی ئەوەی نیە داوای هەڵوەشاندنەوەی ریفراندۆم بكات، چونكە نزیكەی 93% خەڵكی كوردستان دەنگیان بۆ دەوڵەتی سەربەخۆ داوە، بۆیە دەبێت بەرەو سەربەخۆیی بچین و كوردستان ببێتە دهوڵهت.
(د. ڕەزا موحسێن) مامۆستای زانكۆ لە سۆران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، "حكوومەتی عێراق مافی ئەوەی نیە هەڵوەشاندنەوەی ریفراندۆم بۆ گفتوگۆ بكاتە مەرج، چونكە هیچ كەس و لایەنێك ناتوانێت هەڵی وەشێنێتەوە، ئەمە بڕیاری میللەتە بڕیاری كەس و لایەنێك نیە بەتەنیا، لەگەڵ ئەوەی هەڵوێستی بەغدا زۆر توندە، هەموو ئەو سزایانەش پێچەوانەی دەستوور و یاسانە، بۆیە نەدەبوو بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ كوردستان بكات، بەڵكو دەبووایە لە ڕێگهی گفتوگۆ كێشەكان چارە كرابان.
هاوكات (د. مەهاباد سۆفی) مامۆستای زانكۆ بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دهڵێ، "پێش ئەنجامدانی ریفراندۆم هەڵوێستی بەغدا و زۆر لە وڵاتان باش بوو، بەڵام دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم هەڵوێستی ئەوانە گۆڕا، بەتایبەتی بەغدا كە ڕۆژ بۆ ڕۆژ خەڵكی كوردستان بە بڕیارەكانی خۆیان كە پێچەوانەی دەستوور و یاسانە و خەڵك سزا دەدەن، بەڵام من لەو باوەڕەدام چۆن دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم هەڵوێستی هەندێك لە وڵاتان گۆڕدراو ڕۆژ بۆ ڕۆژ هەڵوێستی ئەوان نەرم دەبێت، هەڵوێستی بەغداش دەگۆڕێت و بەخۆدا دەچێتەوە و داوای گفتوگۆ لەگەڵ هەولێر دەكات، چونكە ناكرێت تا سەر هەر بەو شێوەیە بێت و ئەوان سزا لە دوای سزا بەسەر خەڵكی كوردستان بیسەپێنن.
(د. هۆشیار نەوزاد)ش كه مامۆستایه زانكۆ لە دهۆك پێوهست بهو پرسه، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، "گەلی كوردستان تازە بڕیاری خۆی داوە، پاشگەزبوونەوەش لەو بڕیارە نیە، بۆیە دەبووایە هەر لە دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم بەغدا داوای گفتوگۆی كردبایە، نەك زمانی هەڕەشە بەكار بهێنێت، چونكە ئەو كاتە بەسەر چووە كە هەڕەشە لە كورد بكرێت، بۆیە ئێستاش هیچی لێ نەچووە، دەبێت هەرچی زووە بەغدا سزاكانی سەر خەڵكی كوردستان هەڵبگرێت و داوای دیالۆك لە هەرێم بكات، بۆ ئەوەی بە گفتوگۆ بگەنە ڕێككەوتن لەسەر هەموو ئەو كێشانەی كە لە نێوان هەولێر و بەغدادا هەیە، بۆ ئەوەی لە كاتێكی دیاریكراودا كوردستان ببێتە دەوڵەت و ببنە دوو جیرانی باش لەگەڵ یەكدی".
ڕابین شێروانی




