کۆمسیۆن: بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لای ئێمە ھیچ بەهایەکی یاسایی نییە

ھەولێر-KDP.info- کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسیی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئەو بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی بۆ دەستگیرکردنی ستافی کۆمسیۆن داویەتی لای ئیمە هیچ بەهایەکی یاسایی نییە.
گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و ڕاپرسیی ھەرێمی کوردستان لە وەڵامی (عەبدولستار بەیرەقدار)، وتەبێژی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراقدا، کە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، دادگای لێکۆڵینەوەی ڕەسافە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمسیارانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و ڕاپرسیی ھەرێمی کوردستان دەرکرد، بە ھۆی ئەوەی پرۆسەی ڕیفراندۆمیان بەڕێوە بردووە، دەڵێت: ''ئێمە وەکو کۆمسیۆن ئەو بڕیارە ڕەت دەکەینەوە و بە بڕیارێکی سیاسی دەزانین، بۆیە لای ئێمە ھیچ قیمەتێکی یاسایی نییە.''
(شیروان زرار) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''بڕیارەکەی بەغدا بۆ دەستگیرکردنی ستافی کۆمسیۆن ڕەت دەکەینەوە و بە بڕیارێکی سیاسی و نایاسایی دەزانین، چونکە ئەوە لە دەسەڵاتی دادگای لێکۆڵینەوەی بەغدادا نییە، بڕیاری دەستگیرکردن بۆ ئێمە دەربکات.''
(شیروان زرار) گوتیشی: ''ئەو بڕیارە لە دەستی ئەنجومەنی دادوەری و دادگاکانی ھەرێمی کوردستاندایە، بۆیە ھیچ قیمەتێکی یاسایی لای ئێمە نییە و ڕەتی دەکەینەوە و جێبەجێی ناکەین.''
بڵند ئیبراھیم




