٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شارەزایەکی کاروباری تورکیا: تورکیا پێوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ هەرێم ناپچڕێنێ

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- چاودێری سیاسی و شارەزای کاروباری تورکیا دەڵێت، ھەرێمی کوردستان بازاڕێکی گەورەیە بۆ تورکیا و بەرژوەندیی زۆری ئابووریشی لەگەڵ ھەرێم ھەیە، بۆیە تورکیا ئامادە نییە دەستبەرداری ئەوبەرژوەندییە ئابوورییانە بێت، بۆیە ئەوەی تورکیا دەیکات بۆ ڕازیکردنی عێراقە، بۆ ھێشتنەوەی پێوەندییە نێودەوڵەتییەکانی.


دوای ئەنجامدانی پرۆسەی ڕیفراندۆمی ھەرێمی کوردستان، عێراق داوای لە تورکیا و ئێران کرد، گەمارۆ بخەنە سەر ھەرێمی کوردستان و سنوورەکانیان بەڕوودا دابخەن، بەڵام تاوەکو ئێستا نە تورکیا و نە ئێران ھیچ ھەنگاوێکیان دژی ھەرێم نەناوە.

(مەھدی حاجی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''بڕیارەکانی حکوومەتی عێراق تەنھا وەکو فشارێکە لەسەر ھەرێمی کوردستان و جێبەجێ ناکرێن و ئەمەریکاش ھۆشداریی داوەتە عێراق و وڵاتانی دراوسێ، کە ھەر جۆرە لەشکرکێشییەک بۆ سەر ھەرێمی کوردستان بە ھیچ شێوەیەک قبووڵ ناکرێت. جگە لەوەش، ھەرێمی کوردستان و تورکیا بەرژوەندیی ھاوبەشیان ھەیە، بۆیە ١٠٠% تورکیا ئەو بەرژوەندییانە لەبەرچاو دەگرێت.''

(مەھدی حاجی) گوتی: ''ھەرێمی کوردستان بۆ تورکیا بازارێکی گەورەیە و بەرژوەندیی گەورەی ئابووریی لە ھەرێمی کوردستاندا ھەیە، ھەر بۆیە ئەو ھەڕەشانەی تورکیا تەنھا بۆ قەناعەت پێکردنی عێراق و مانەوەی پەیوەندیی نێودەوڵەتییە، گەرنا تورکیا بەرژوەندیی خۆی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان تێک نادات.''

ئەو چاودێرە ڕوونیشی کردەوە: ''ئەوەی تورکیا دەیکات دوو لایەنە، لە لایەک نایەوێت پەیوەندیی لەگەڵ عێراق تێک بچێت و، لە لایەکیش بەرژوەندیی ئابووری خۆی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان تێک نادات، بۆیە ئەو دۆخەی ھەیە کاتییە و بەبێ ھیچ کێشە و گرفتێک تێپەڕ دەبێت.''

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار