لە برۆکسل، میکانیزم بۆ دادگاییکردنی چەکدارانی داعش دادەنرێت
هەولێر-KDP.info- (د.دیندار زێباری) دەڵێ، لەسەر داواکاریی یەکێتیی ئەورووپا لە برۆکسل بەشداریی کۆبوونەوەی برۆکسلیان کردووە بۆ دانانی میکانیزمێک بۆ دادگاییکردنی چەکدارانی داعش.
(دیندار زێباری) سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان، بە نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندێکی بەغدا بەشداریی کۆبوونەوەی برۆکسلن، کە لە ٩ و ١٠ی تشرینی یەکەم لە برۆکسل بەرێوە دەچێت.
بەگوێرەی لێدوانی (زێباری)، ئەجێندای سەرەکیی کۆبوونەوەکە، باسکردنە لەسەر چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ چەکدارانی داعش و دادگاییکردنیان، هەروەها دانانی میکانیزمێکی یاسایی بۆ دادگاییکردنی بەندکراوانی داعش، رەوشی دادگاکانی عێراق لە ئێستادا، شێوازی لێپێچینەوە لەو کەسانەی تۆمەتەکانیان بەسەردا ساغ بووەتەوە، داتا و ئاماری ئەو کەسانەی تێوەگلاون، رەوشی تیرۆریستە بیانییەکان و ئەو تیرۆریستانەی کە بە ڕەچەڵەک عێراقین. مەبەستی سەرەکی لە ئەنجامدانی ئەم وۆرکشۆپە باسکردنە لەسەر کۆمەڵێک میکانیزم بۆ رووبەرووبوونەوەی داعش و مامەڵەکردن لەگەڵ بەندکراوانی داعش.
(د.دیندار زێباری) لە لێدوانێکدا سەبارەت بە بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی برۆکسل دەڵێت: "ئەم وۆرکشۆپە لەلایەن هاوکاریی تەکنیکی بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاریی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی عێراق بەڕێوە دەچێت. ئامانجی سەرەکی لە بەرێوەچوونی ئەم وۆرکشۆپە ئەوەیە کە شارەزایانی بواری یاسا، وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا، نەتەوە یەکگرتوەکان و عێراق، پێکەوە کار بکەن بۆ ئەوەی میکانیزمێکی گونجاو بۆ رووبەڕووبوونەوەی چەکدارانی داعش دابنێن، بە تایبەتی لە ئێستا کە عێراق بە هۆی چەکدارانی داعشەوە مەترسی لەسەرە. هەمووان لێرە پێکەوە کار دەکەین بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی یاسایی، بە بوونی ژمارەیەکی زۆر بەڵگە و دۆکیۆمینت دژی ئەم چەکدارانەی داعش بتوانین بە شێوەیەکی یاسایی بەرانبەر ئەم چەکدارانە بجووڵێینەوە، چوونکە ژمارەیەکی زۆر لەو چەکدارانە بە رەچەڵەک عێراقین و هەندێکیشیان لە وڵاتانی ئەورووپاییەوە روویان لە ریزەکانی داعش کردووە".
سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لە یەکەم رۆژی کۆبوونەوەکە وەک نوێنەری حکوومەتی هەرێم لە کاتی کرانەوەی وۆرکشۆپەکە، قسەی کرد و هەوڵ و کۆششەکانی حکوومەتی هەرێمی بۆ رووبەرووبوونەوەی داعش لە عێراق خستە روو، هەروەها رایگەیاند: "دەبێت حکوومەتی هەرێم بۆ لەمەودوا لەو هاوکارییە مرۆیی و تەکنیکی و لۆجیستیانەی لەلایەن یەکێتیی ئەورووپا، ئینتەرپول، نەتەوە یەکگرتوەکانەوە دابین دەکرێت، هاوبەشی پێ بکرێت و لێی بێبەش نەبێت. هەروەها پێویستە حکوومەتی هەرێمیش ببێتە بەشێک لە هەماهەنگی و هاوکارییەکانی نێوان ئینتەرپول و عێراق، لە داهاتوودا هەر هاوکاری و هەماهەنگییەک لەگەڵ عێراق کرا حکوومەتی هەرێمیشی تێدابێت".
سەبارەت بە هێزە ئەمنییەکان کە زۆرترین رەخنەی نێودەوڵەتییان لەسەرە بەوەی کە مافەکانی مرۆڤ پێشێل دەکەن، بەگوێرەی یاساکان ناجووڵێنەوە (زێباری) گوتی: "لە وۆرکشۆپەکە بە بەشدارانی کۆبوونەوەکەم راگەیاندووە، کە دەبێت هاوکاریی تەواوی هێزەکانی دژەتیرۆر و هێزەکانی ئاسایش لە پرۆسەی کۆکردنەوەی بەڵگە و هاوبەشکردنی زانیارییەکان بکرێت، زانیاریی تەواویان بدریتێ سەبارەت بە چۆنیەتیی مامەڵەکردن و جووڵانەوە لەگەڵ کەیس و بابەتە جۆراوجۆرەکان. هەروەها پێویستە هەماهەنگی و هاوکاریی زیاتر لەنێوان نەتەوە یەکگرتوەکان، ئینتەرپول و یەکێتیی ئەورووپا لەگەڵ ئەو هێزە ئەمنیانە هەبێت، کە کار بۆ رزگارکردنی ئێزدییەکان دەکەن و لە رابردوودا ژمارەیەکی زۆر لە رفێندراوە ئیزدییەکانیان لە دەست داعش رزگار کردووە".
(زێباری) لە کۆتایی قسەکانیدا گوتیشی: "لە ئێستا، ئەمە شتێکی زۆر باشە دەتوانین بە ژمارەیەکی زۆر بەڵگە و کەیس و دیکۆمێنت، کە لە لێکۆڵینەوە و بە دواداچوونەکانمان لەگەڵ تۆڕی زانیاری، لە کاتی ئەنجامدانی ئەرکەکانمان لە لیژنەی دۆزینەوەی راستییەکان و تاسک فۆرس بە دەستمان هێناوە، هاوکار بین بۆ باشترکردنی ناوبانگی حکوومەت لە ئاستی جیهاندا و، وەڵامی هەموو ئەو تۆمەتانە بدەینەوە کە لەم دواییانە لەلایەن رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دراونەتە پاڵ حکوومەتی هەرێم و هێزە ئەمنییەکان و واقعی رەوشەکەیان بۆ بخەینەڕوو".




