کەمال کەرکووکی: داعشە دیلەکان بە گوێرەی یاسای دیل لە هەرێمی کوردستان مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت
هەولێر-KDP.info- (د. کەمال کەرکووکی) بەرپرسی میحوەری ڕۆژئاوای کەرکووكی هێزی پێشمەرگە دەڵێ، بەپێی یاساکانی هەرێمی کوردستان و بە ڕێزگرتنی تەواو بە یاساکانی نێودەوڵەتی تایبەت بە دیل، مامەڵە لەگەڵ داعشەدیلەکان دەکرێت و، جەختیش دەکاتەوە، لە هەرێمی کوردستان دادگایی دەکرێن.
دوای ئەوەی سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق داوای لە هەرێمی کوردستان کرد، ئەو چەکدارە داعشانەی لای هێزەکانی پێشمەرگە دیلن، رادەستی هێزە ئەمنییەکانی بەغدا بکرێنەوە، بەرپرسی میحوەری رۆژئاوای کەرکووکیش رایدەگەیەنێت، کە بە هیچ شێوەیەک ئەو دیلانە رادەستی هیچ کەس و لایەن و دەزگایەكی دەرەوەی دەزگاکانی هەرێمی کوردستان ناکرێن.
(حاكم زاملی) سهرۆكی لیژنهی ئاسایش و بهرگریی پەرلەمانی عێراق له پهیامێكدا داوای کرد، ههرێمی كوردستان ئهو چهكداره داعشانهی، كه له ئۆپهراسیۆنی ڕزگاركردنهوهی حهویجهدا خۆیان ڕادهستی هێزەکانی پێشمهرگه كردووه، ڕادهستی هێزه ئهمنییهكانی عێراقیان بكهنهوه.
(د. کەمال کەرکووکی) بەرپرسی میحوەری ڕۆژئاوای کەرکووكی هێزی پێشمەرگە، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، رایگەیاند: "بەپێی یاساکانی هەرێمی کوردستان و بە ڕێزگرتنی تەواو بە یاساکانی نێودەوڵەتی تایبەت بە دیل مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، دیلەکان ڕادەستی هیچ کەس و لایەنێک و هیچ دەزگایەك جیا لە دەستگایەکانی هەرێمی کوردستان ناکەینەوە، ئەو دیلانە رادەستی لایەنی پەیوەندیدار دەکرێن، تاوەکو دادگایی بکرێن و بەپێی یاسا سزا بدرێن، هیچ یەکێکیش لەو داعشانە بە هیچ شێوەیەك و لەبەر هیچ هۆیەك ئازاد ناکرێن و هەمووان دەدرێنە دادگا و ئێمەش ڕێز لە بڕیارەکانی دادگا دەگرین".
لەمەڕ پەیوەندیی هێزە ئەمنییەکانی بەغدا بەو پرسەوە، بەرپرسی میحوەری رۆژئاوای کەرکووک ئاماژە بەوە دەکات، کە ئەوان دەبێت لەگەڵ لایەنە ئەمنییەکانی باڵای هەرێمی کوردستان زانیاری لەسەر داعش و ئەوانەی بە دیل دەگیرێن بگۆڕنەوە، نەک ئەوەی رادەستیان بکرێن، وەها شتێک ناکرێت، "ئێمە پابەندی یاسا نێودەوڵەتییەکانین کە لە بارەی دیلەکانی جەنگەوە دراون، هەر بەوپێیەش مامەڵەیان لەگەڵ دەکەین، ئەو دیلانەش نە ئازاد دەکرێن، نە پشتگوێ دەخرێن، بەڵکو بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، چونکە دادگامان هەیە و ئەو بڕیاری درووست لە چارەنووسی ئەو تیرۆریستە دیلانە دەدات".
(کەرکووکی) ئەو دیلانە بە چەند جۆرێک پۆڵێن دەکات و دەڵێت: "ئەو داعشانەی پێشمەرگە سەربەرزەکان لە بەرەکانی جەنگ گرتوویانن، یان ئەوانەی بە ناوی ئاوارەوە هاتوون و بەو زانیارییانەی لەبەر دەستمان بوون توانیومانە دەستنیشانیان بکەین، پاشان لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا بکرێت و بە تەواوەتی ددان بنێن بەوەی، کە داعشن، یان ئەوانەی کە بە تێکەڵی لەگەڵ ئاوارە هاتوون و یەكسەر وتویانە ئێمە داعشین، یان ئەوانەی کە هاتوون پێش بگەنە سەنگەرەکانی پێشەوەی پێشمەرگە قارەمانەکان و ئاڵای سپییان هەڵکردووە و وتوویانە ئێمە داعشین هاوتووین خۆمان ڕادەستی پێشمەرگە بکەین".
خێڵان بەختیار




