جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان سەرەخۆشی لە خانەوادەى مامۆستا کەریم زەند دەکات

هەولێر-KDP.info- (جەعفەر ئیبراهیم ئێمینکی) لە پەیامێکیدا، بە ناوی پەرلەمانی کوردستانەوە پرسە و سەرەخۆشی لە خانەوادەى مامۆستا (کەریم زەند) و سەرجەم رۆشنبیران و مێژووناسانی کوردستان و گەلی کوردستان بە گشتی دەکات، ئەمە دەقەکەیەتی:
بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایی مێژووناس و رۆشنبیری ناوداری کورد و کەسایەتی نیشتیمان پەروەری کوردستان مامۆستا "کەریم زەند"مان پێگەیشت.
بە ناوی پەرلەمانی کوردستانەوە پرسە و سەرەخۆشی لە خانەوادەى خوالێخۆشبوو و سەرجەم رۆشنبیران و مێژووناسانی کوردستان و گەلی کوردستان بە گشتی دەکەین.
مامۆستا " کەریم زەند" یەکێک بوو لە دلسۆزانی بزافی رزگاریخوازی کوردستان و رۆڵێکی گرنگی هەبووە لە کۆماری کوردستان لە مەهاباد و شۆرشی ئەیلوولدا، زێدەباری خەباتی رۆشنبیری وەک مێژوونووس و لێکولەر، کە پەرتووکخانەى کوردستان بە دەیان بەرهەمی بە پێز دەوڵەمەندکردووە.
دووبارە سەرەخۆشی لە گەلی کوردستان دەکەین و لە خوای گەورە داواکارین گیانی مامۆستا " کەریم زەند"بە بەهەشتی بەرینی خۆی شادبکات و سەبووری بە هەموو لایەکمان ببەخشێت.
"إنا لله وإنا إلیه راجعون"
جەعفەر ئیبراهیم ئێمینکی
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
10/10/2017




