ئەڵمانیا بۆ سەرۆکوەزیرانی دووپات کردەوە، ئامادەن دیالۆگ له نێوان هه‌ولێر و به‌غدا دروست بکەن
هەولێر-KDP.info- لە دیداریدا لەگەڵ شاندێکی ئه‌ڵمانیا دۆخی پێش و دوای پرۆسه‌ی ڕیفراندۆمیان تاوتوو کرد و، (نێچیرڤان بارزانی) ئاماده‌ییی هه‌رێمی كوردستانیشی بۆ ده‌ستپێكردنی دیالۆگێكی جیددی له‌گه‌ڵ به‌غدا به ئه‌جێندایه‌كی كراوه و بێ مه‌رجی پێشوه‌خته دووپات کردەوە.
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 10/10/2017، (نێچیرڤان بارزانی) سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له (سیریل نان) باڵیۆزی ئه‌ڵمانیا له عێراق و شاندێكی كۆنسووڵخانه‌ی ئه‌ڵمانیا له هه‌ولێر كرد، كه له (كیرت ستۆكڵ ستیلفێرد) كۆنسووڵی گشتی و جێگره‌كه‌ی پێكهاتبوو.
له دیدارێكدا (سیریل نان) مه‌به‌ستی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ هه‌رێمی كوردستان خسته ڕوو و دووپاتی كرده‌وه، كه حكوومه‌تی ئه‌ڵمانیا به بایه‌خه‌وه ده‌ڕوانێته عێراق و هه‌رێمی كوردستان، ئاماده‌ییی وڵاته‌كه‌یشی بۆ دروستكردنی دیالۆگ له نێوان هه‌ولێر و به‌غدا به مه‌به‌ستی چاره‌كردنی كێشه‌كان، نیشان دا، هه‌روه‌ها ڕۆڵی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانی له تێكشاندنی تیرۆر و تیرۆریستان و هاوكاریی خه‌ڵك و حكوومه‌ت بۆ ئاواره و په‌نابه‌رانی ده‌ستی تیرۆر، به‌رز نرخاند.
دواتر باس له دواپه‌ره‌سه‌ندنه‌كان و قۆناغی پێش و دوای ڕیفراندۆم و كاردانه‌وه هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌رباره‌ی ئه‌م پرسه كرا و جه‌ختیان له‌وه كرده‌وه، كه بارگرژی و هه‌ڵچوونه‌كان له به‌رژوه‌ندیی هیچ لایه‌نێکدا نییه و دیالۆگ و دانوستان باشترین ڕێگه‌چاره‌ی كێشه‌كانه. هه‌ردوولا په‌یوه‌ندییه دووقۆڵییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌رلینیان دووپات كرده‌وه.
لای خۆیه‌وه سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی ئه‌و سه‌ردانه و پشتیوانییه‌كانی گه‌ل و حكوومه‌تی ئه‌ڵمانیای كرد له بواری مرۆیی و سه‌ربازیدا بۆ هه‌رێمی كوردستان، هه‌روه‌ها پوخته‌یه‌كی ده‌رباره‌ی ئه‌و هۆكارانه پێشكه‌ش كرد كه وایكرد گه‌لی كوردستان بڕیاری ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم بدات، جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه ئه‌زموونی چه‌ند ساڵه‌ی ڕابردوو سه‌لماندی ئه‌و سیسته‌مه‌ی له عێراق هه‌بوو شكستی هێنا، بۆیه ده‌بێت بیر له شێوازێكی نوێ له په‌یوه‌ندیی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا بكرێته‌وه.
(نێچیرڤان بارزانی) ئاماده‌ییی هه‌رێمی كوردستانیشی بۆ ده‌ستپێكردنی دیالۆگێكی جیددی له‌گه‌ڵ به‌غدا به ئه‌جێندایه‌كی كراوه و بێ مه‌رجی پێشوه‌خته ده‌ربڕی، تاكو بتوانرێت بگه‌نه چاره و لێكگه‌یشتنێك کە مایه‌ی ڕه‌زامه‌ندیی هه‌ردوولا بێت و سه‌قامگیری و ئارامی به دوای خۆیدا بهێنێت و ئاینده‌ی نه‌وه‌ی داهاتوو مسۆگه‌ر بكات، له‌مباره‌یەشه‌وه ڕۆڵی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی به پێویست زانی.




