٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لە پەرلەمانی کوردستان مەڕاسیمی ماتەمینی بۆ کۆچی دواییی مام جەلال بەڕێوە چوو

سەرچاوە: KDP.info


هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ لە تەلاری پەرلەمانی کوردستان ڕێوڕەسمێکی مامەتینی بۆ کۆچی دواییی (مام جەلال تاڵەبانی)، سکرتێرسی گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سەرۆککۆماری پێشووی عێراق بەڕێوە چوو. تێیدا جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، کۆچی دواییی (مام جەلال) دەبێ بکرێتە ھەوێنی یەکڕیزی و تەباییی زیاتر لە نێوان لایەنە سیاسییەکاندا.

مەڕاسیمەکە بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆکی پەرلەمان و ھەموو فڕاکسیۆن و ڕاوێژکاران و فەرمانبەرانی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە چوو، تاجەگۆلینەیان لەو شوێنە دانا، کە بۆ مەڕاسیمی ماتەمینی (مام جەلال تاڵەبانی) ئامادە کرابوو، ئەویش وەک ڕێز و وەفایەک بۆ خەبات و تێکۆشانی (تاڵەبانی) لە پێناو بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردستاندا.

دواتر (د. جەعفەر ئیبراھیم ئێمینکی)، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، بە ناوی پەرلەمانی کوردستانەوە وتەیەکی بەو بۆنەیەوە پێشکەش کرد و تێیدا وێڕای گەیاندنی پرسە و سەرەخۆشیی پەرلەمان بە خانەوادە و کەسوکاری سەرۆک (مام جەلال) و تەواوی سەرکردایەتی و ئەندامان و کادیران و دۆست و لایەنگرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و فراکسیۆنی سەوز لە پەرلەمانی کوردستان و گەلانی کوردستان بەگشتی، باسی لە ڕۆلی بەڕێز (مام جەلال) کرد لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستاندا و ھەوڵ و کاریگەریی بەڕێزیان لە بنیاتنانەوەی عێراقی نوێ و کۆکردنەوەی سەرجەم لایەنەکان لەسەر یەک مێز و ڕایگەیاند: ''(مام جەلال)، مامی گەورە، خاوەن ھزری گەورە، خاوەن خەبات و تێکۆشان و قوربانیدانی گەورە، ھەرگیز لەیاد ناکرێ و ھەمیشە یاد دەکرێتەوە، کە توانیویەتی لە ژیانی خۆیدا ھەموو خەونەکان بەدی بێنێت، لەپێناو ئازادیی کوردستان، لەپێناو بەختەوەریی گەلانی کوردستاندا.''

ھەر لە وتەکەیدا جێگری سەرۆکی پەرلەمان ڕایگەیاند: ''دڵنیاین کۆچی دواییی (مام جەلال) دەبێتە ھەوێنی یەکڕیزی و تەباییی زیاتر لە نێوان لایەنە سیاسییەکاندا، کە ھەمیشە ئەو تێکۆشاوە لە پێناوی ئەوەدا کە کوردستانیان بە چەپکەگوڵەوە جوانن، بە چەپکەگوڵەوە بەھێزن، بە چەپکەگوڵەوە دەتوانن ھەموو ئامانجەکان بەدی بێنن.''

لە کۆتاییی مەڕاسیمەکەشدا (دلێر ماوەتی)، سەرۆکی فراکسیۆنی سەوزی پەرلەمانی کوردستان وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا وێڕای گەیاندنی سوپاسگوزاریی فراکسیۆنی سەوزی پەرلەمان بە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان و سەرجەم فراکسیۆنەکانی پەرلەمان و ڕێکخەران و بەڕێوەبەرانی مەڕاسیمەکە و دەزگاکانی ڕاگەیاندن، باسی لە ڕۆلی سەرۆک (مام جەلال) لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان و بنیاتنانەوەی عێراقی نوێدا کرد و بەو بۆنەیەوە بە ناوی فراکسیۆنی سەوزی پەرلەمانی کوردستانەوە، داوای تەبایی و یەکڕیزیی ڕاستەقینەی نیشتمانی و تەباییی تەواوی نێوان فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کرد و ڕایگەیاند: ''ھیوادارین پەرلەمان بە تەواوی چالاک بکرێتەوە و لیژنە و دەستەکانی چالاک بکرێن، بەتایبەتی لەو کاتەدا کە کوردستان پرسەی سەرکردەیەکی مەزنی دەگێڕێت و ناوچەکە و ھەرێمی کوردستان بە دژوارترین دۆخی سیاسی و ئابووریدا تێ دەپەڕن و دوژمنانی کوردستان خەریکی ئیتیفاقییەی دوو قۆڵی و سێ قۆڵین و ھێزی خۆیان چڕ کردووەتەوە بۆ گرتنی بینەقاقای خەڵکی کوردستان.''

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار