مەرزی پەروێزخان کراوەیە و جموجووڵی بازرگانی جمەی دێت

پەروێزخان-KDP.info- بەرپرسی ڕاگەیاندنی خاڵی سنووریی پەروێزخان گوتی، خاڵی سنووریی پەروێزخان کراوەیە و جموجووڵی بازرگانی و ھاتوچۆیەکی زۆریش لە نێوان ھەرێم و ئێراندا بەردەوامە.
بەردەوام ھەندێک میدیا باس لەوە دەکەن، کە بە ھۆی ئەوەی ھەرێمی کوردستان ڕیفراندۆمی ئەنجام داوە، عێراق داوای لە تورکیا و ئێران کردووە، سنوورەکانیان بە ڕووی ھەرێمی کوردستاندا دابخەن، بەڵام تا ئێستا سنوورەکان کراون و جموجووڵی بازرگانیش لە خاڵە سنوورییەکان بەردەوامە.
لەم بارەیەوە، (ئارام سایەخان) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''خاڵی سنووریی پەروێزخان کراوەیە و دانەخراوە و جموجووڵی بازرگانی و ھاتوچۆش بەردەوامە و پێش چەند ڕۆژێک ئێران مانۆڕێکی سەربازیی ئەنجام دا و ترس و دڵەراوکێی دروست کرد، ئێمەش وەک بەرپرسانی ئەو خاڵە سنووریە پێوەندیمان بە ئێرانەوە کرد، ئەوانیش باسیان لەوە کرد، دڵنیا بن تەنیا مانۆڕێکی سەربازییە و ھیچ مەترسییەک لەئارادا نییە.''
دەربارەی قەبارەی بازرگانیی نێوان ھەرێم و ئێران لەو مەرزەدا، (ئارام سایەخان) گوتی: ''ئێستا جموجووڵێکی زۆری بازرگانی و ھاتوچۆ لە مەرزی پەروێزخان ھەیە و ھیچ کێشەیەک لەئارادا نییە و ڕۆژانە جموجووڵی بازرگانی ھەیە و خەڵکیش ھاتوچۆ دەکەن.''
بڵند ئیبراھیم




