٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پسپۆڕێکی ئابووری: گوشارەکانی عەبادی بۆسەر هەرێم، نرخی کاڵاکانی لە بەغدا و ناوچەکانی خوارووی عێراق گران کرد

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- پسپۆڕێكی ئابووری دەڵێت، بە هۆی بڕیاری داخستنی سنوورەكانی هەرێم لە لایەن بەغداوە كاڵاكان لە بازارەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بەهایان دووهێندە زیادی كردووە و زیانی گەورە بەر ئابووریی عێراق كەوتووە.

دوای  ئەنجامدنی ڕیفراندۆمەكەی 25ی ئەیلوول بەغدا بانگەشەی ئەوەی كرد كە گوایە خاڵە سنوورییەكانی هەرێم كۆنترۆڵ دەكات و دایان دەخات. هەرچەندە تا ئێستا سەرجەم خاڵە سنوورییەكانی هەرێم كراوەن و بە شێوەی ئاسایی ئاڵوگۆڕی بازرگانییان لێ دەكرێت، بەڵام بانگەشەکەی بەغدا كارێگەریی زۆری لەسەر نرخی كاڵاكان هەبووە لە بازارەكانی  عێراقدا، بە شێوەیەك کە نرخی كۆمەڵێك كاڵا بۆ دووهێندە بەرز بووەتەوە، چونكە ڕێژەیەكی زۆری كاڵاكانی عێراق لە هەرێمەوە هاوردە دەكرێن، بەو بڕیارە زیانی گەورە بەر عێراق، خۆی كەوتووە.

(یاسر جەواد فەیلی)، پسپۆڕی ئابووری، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ''دوای ئەوەی حكوومەتی هەرێم ڕیفراندۆمی ئەنجام دا و بەغدا كۆمەڵێك بریاری وەكو فشار لە دژی دەركرد،  کە گرینگترینیان بانگەشەی گرتنی خاڵە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان بوو، ئەم باسە كاریگەریی لەسەر ئابووریی هەرێمی كوردستان هەبووە و پاڵەپەستۆیێكی زۆری لە بازاڕەكانی هەرێمدا دروست كردووە. بەڵام لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق بەهای كاڵا هاوردەكراوەكان دووهێندە زیادی كردووە.''

ئەو پسپۆڕە ئابوورییە ڕوونی كردەوە: ''ئەم بڕیارە ئابوورییانەی عێراق زۆر نابەجێ و زیانبەخش بوون بۆ خودی عێراق. چونكە بەشێكی زۆری كاڵا لە سنوورەكانی هەرێمی كوردستانەوە بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق هاوردە دەكرێن. لە هەرێمی كوردستان جارێك بە فەرمی گومرگیان لێ وەردەگیرێت، بەڵام حكوومەتی عێراقیش باجی خستوونەتە سەر و لەم حاڵەتەشدا تا دەگەنە شارەكانی عێراق دوو جار گومرگ دەكرێن.''

(یاسر جەواد فەیلی) ئاشكرایشی كرد: ''ئێستا لە عێراق بەهای كەلوپەلی بیناسازی و داودەرمان و خۆراكە هاوردەكراوەكان و، كەلوپەلی تری ڕۆژانەی نێوماڵ نرخیان دووهێندە زیادی كردووە. ئەمەش بە هۆی خواستی زۆری هاووڵاتییان و بڕیارەكانی عێراقەوە بووە. عێراق بە فشارە ئابوورییەكانی لەسەر هەرێم زیانی گەورەی لە خۆی داوە و ئەمەش زۆر نائاقڵانییە.''
 

هەواڵی پەیوەندیدار