٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزارەتى خوێندنى باڵا: ئاگاداریەکى گرنگ بۆ دەرچوانى پۆلى دوانزەى ئامادەیى

سەرچاوە: KDP.info
 
هه‌ولێر-KDP.info- وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاگادارى سەرجەم دەرچوانى پۆلى دوانزەى ئامادەیى دەکات، کە جگە لە پەیج و وێبسایتى ڕەسمى وەزارەت بۆ وەرگرتنى زانیارى پشت بە هیچ سەرچاوەیەکى تر نەبەستن و ئەو پەیج و سایتانەش ڕوبەڕووى دادگا دەکاتەوە، کە زانیارى نادروست لە بارەى وەرگرتنى خوێندکاران بڵاو دەکەنەوە.
 
(عەباس ئەکرەم) وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا  و توێژینەوەى زانستى لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: "ماوەیەکە چەند پەیج و سایتێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زانیارى و ڕوونکردنەوەى نادرووست لە بارەى وەرگرتنى خوێندکاران، لە زانکۆ و پەیمانگەکان بە خوێندکاران و قوتابیانى دەرچوانى دوانزەى ئامادەیى دەدەن، بۆیە لێرەوە ڕایدەگەیەنین ئەم پەیجانە بۆ نمونە پەیجى (https://www.facebook.com/poli12amaday) و چەندانى دیکە دورونزیک بە هیچ شێوەیەک پەیوەندییان بە وەزارەتەکەمانەوە نیە، ئەو زانیارییانەشى کە بڵاوى دەکەنەوە هیچ بنەمایەکیان نیە و دوورن لە ڕاستییەوە، هەربۆیە وەزارەت لە دادگا داواى یاسایى بەرامبەر ئەو پەیجانە تۆمار دەکات، بە تایبەت پەیجى (پۆلى ١٢)، لە هەمان کاتدا بە ڕەسمى داوا لە فەرمانگەى ڕێکخراوە ناحکوومییەکان دەکات، مۆڵەتى کارکردنی لێ وەربگرێتەوە، چونکە کارى درووستى خۆی ڕانەپەڕاندوە، بە بڵاوکردنەوەى زانیارى نادرووست خوێندکاران چەواشە دەکات.
 
وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەوەشى ڕاگەیاند، کە تەنها لە ڕێگەى وەزارت و ڕاگەیەندراوە ڕسمییەکانى وەزارەتەکەمان و لێدوانەکانى وتەبێژى وەزارەت و بڵاوکراوەکانى وەزارەت لە وێبسایتى وەزارەت، بە ناونیشانى www.mhe-krg.org و، لاپەڕى ڕەسمى لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبووکى وەزارەت بە ناونیشانى (www.facebook.com/mhekrg) کەناڵى رەسمى وەزارەتن و، دەتوانن لە ڕێگەى ئەو کەناڵانەوە بگەنە زانیارى درووست، بە پێچەوانەوە ئێمە لە هیچ زانیارییەکى ئەو وێب سایت و پەیجانە بەرپرسیار نین، بە تایبەت پڕۆسەکانى (زانکۆ لاین) و، وەرگرتنى خوێندکاران لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان.

هەواڵی پەیوەندیدار