دەزگای خێرخوازیی بارزانی، خۆراک و پێداویستیی خوێندنی بۆ شنگال و چەند گوندێکی گەرمیان دابین کرد

هەولێر-KDP.info- دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە درێژەی کاروچالاکییەکانیدا لە ئۆفیسی شنگال بەهەماهەنگی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراقی پارسێلی خۆراکی بۆ چەندین هەزار خێزانی ئاوارە لە شنگال دابین دەکات، لە لایەکی تریشەوە پێداویستی خوێندن بۆ قوتابیانی حەوت قوتابخانەی گوندەکانی سنووری ئیدارەی گەرمیان دابین دەکات.

رێکەوتی ٩/١٠/٢٠١٧ تیمەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ جاری دووەم لە شنگال، بە هەماهەنگی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراقی و دەستەی هەماهەنگی لە دهۆک GCC هاوکاریی خۆراکییان پێشکەش بە ٥ هەزار خێزانی ئاوارە لە دەڤەری شەرفەدین و کۆمەڵگەکانی (یۆرک و دهولا)یان کرد.
لە درێژەی هەڵمەتی هاوکارییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە هەمان ڕۆژدا پێداویستی خوێندنی بۆ قوتابیانی بنەڕەتی لە گوندەکانی (سەیدمەحموود، قولەبەرز، رەئد عەلی خان، چاڵەڕەش، قولەسوتاو، تازەدێ و بەرلووت)ـی سەر بە ئیدارەی گەرمیان، کە ٤١٠ قوتابی بوون دابین کرد.
ئەم هاوکارییانەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، پێداویستیی خوێندی ساڵێکی قوتابییەکان پڕدەکاتەوە و پاڵپشتییەکی ماددی باشە بۆ خێزانی قوتابییەکان و مەبەست لێی پشتیوانی کردن و هاندانی قوتابییەکانە بۆ بەردەوامیدان بە پرۆسەی خوێندن و سەرکەوتنیان.
جێگای ئاماژەیە دەزگای خێرخوازیی بارزانی، هاوکاریی جۆراوجۆر بە هەماهەنگی رێکخراو و ناوەندە جیهانی و ناوچەییەکان پێشکەشی ئاوارە و پەنابەران دەکات و تەنیا لە ماوەی مانگی نۆدا هاوکاریی خۆراکی پێشکەشی ١٠٥٣٣٦ (سەدوپێنج هەزار و سێسەد و سیوشەش) خێزان کردووە.




