چاودێرێکی سیاسی: هەڕەشەی وڵاتانێک لە هەرێم پێچەوانەی یاسا نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانە

هەولێر-KDP.info- چاودێرێکی سیاسی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، ھەر وڵاتێک ھەڕەشە لە ھەرێمی کوردستان بکات لەسەر پرسی ڕیفڕاندۆم ئەوە دەچێتە خانەی دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی عێراق و دەڵێت، بە ھۆی بەرژەوەندییان لەگەڵ عێراق ھەندێ وڵاتی ناوچەکە دژایەتیی ھەرێمی کوردستان دەکەن.
بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان ڕیفڕاندۆم مافی ھەموو گەلانی جیھانە و دەستوەردانی ھەندێ وڵاتیش لە کاروباری ناوخۆی عێراق پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانە. (ڕەمەزان کێڤلی)، چاودێری سیاسی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ھەڕەشەکانی وڵاتانی ناوچەکە لەسەر ھەرێمی کوردستان لەبارەی ڕیفڕاندۆمەوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، ھەر وڵاتێکی بەرژەوەندیی لەگەڵ دەوڵەتی عێراق بێت لەبەر خاتری ئەوەی عێراق پەیوەندیی لەگەڵ نەپچڕێنێت دژایەتیی ڕیفڕاندۆم و سەربەخۆییی کوردستان دەکات، بەڵام ئەگەر بێت و دانوستان لە نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراق دەست پێ بکەن ئەوە ھەڕەشەی وڵاتانیش بەرەو کپبوونەوە دەچێت و ناتوانن وەک پێشتر بەردەوام بن، چونکە ئەو وڵاتانە خۆیشیان ئەوەیان نەشاردووەتەوە کە عێراق داوای ھەڵوێستیان لێ دەکات و زیاتر لەسەر داوای عێراقە دەڵێن ئێمە دژی پارچەکردنی عێراقین.''
ئەو چاودێرە سیاسییە ئاماژەیشی بەوە کرد: ''سەیر لەوەدایە ئەوەی کە خەڵکی کوردستان ئەنجامی داوە بە گوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان مافی خۆی بەکار ھێناوە بۆ ئەوەی چارەنووسی خۆی دیاری بکات، بەڵام ھەڕەشەی ھەندێ وڵات بۆ سەربەخۆیی و ڕیفڕاندۆم پێچەوانەی یاسا نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانە، چونکە نابێ دەست بخەنە پرسێکەوە کە پەیوەست بێت بە ناوخۆی عێراقەوە، واتە بە ھەموو پێوەرەکان ھەڵوێستی ھەندێ وڵاتی ناوچەکە بەرانبەر بە ڕیفڕاندۆم دەچێتە خانەی دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی عێراقەوە.''
قائید میرۆ
Attachments area




