٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لە کۆنگرەی لاوانی سیاسیی ئەڵمانیادا، سەربەخۆییی کوردستان هێراوەتە بەر باسەوە

سەرچاوە: KDP.info


هەولێر-KDP.info-  لە میانەی بەشداریکردنی کۆنگرەی لاوانی سیاسیی ئەڵمانیا و، دیدار لەگەڵ چەند کەسایەتییەکی ئەو وڵاتە، جێگری سەرۆکی لاوانی سیاسیی جیھان دەڵێ، پەیمانی پشتگیریکردنی بۆ هەرێمی کوردستانی لێوەرگرتوون.

لەوبارەوە (فەلاح حەسەن) جێگری سەرۆکی لاوانی سیاسیی جیھان ڕاگەیاند: "زۆر بەوە دڵخۆشم کە ھەریەکە لە بەڕێزان خاتوو (ئەنیگرت کرامپ کارینبور) سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی سارلاندی ئەڵمانیا و (گۆنتر ئۆتینگیر) سەرۆکی کۆمسیارانی ئەورووپا بۆ کاروباری وزە و سەرچاوە مرۆییەکان، رێزی تەواویان بۆ گەلی کوردستان ھەبوو و لەسەر ئەو باوەڕە بوون کە دەبووایە کورد هەر زوو خاوەنی وڵات بوونایە".

لەو کۆنگرەیەدا کە لە وڵاتی ئەڵمانیادا بەڕێوە چووە، لە گوتووێژی نێوانیاندا، (فەلاح حەسەن) باسی لە مافی ئازادی و سەربەخۆییی گەلان کردووە و تیشکی خستووەتە سەر ریفرەندۆمی سەربەخۆییی ھەرێمی کوردستان، کە خەڵکی بە رێژەی ٩٢.٧% لەگەڵ سەربەخۆییدا بوون، هەروەها باسی لە دواگەمارۆ ئابوورییەکان و ھەڵوێستە دژەمرۆڤایەتیەکان کرد، کە لە دوای ئەنجامدانی ریفرەندۆمی ٢٥ـی ئەیلوولی ئەمساڵدا، حکوومەتی بەغدا بەسەر گەلی کوردستانیدا سەپاندووە.

هەروەها دەشڵێت: "سەرۆکی کۆمسیارانی ئەورووپا بۆ کاروباری وزە و سەرچاوە مرۆییەکان (ئوتینگیر) پێی راگەیاندم کە گەلی کوردستان پێویستە زیاتر سوود لە سەرچاوەکانی وزە وەربگرێت، دەبێت ھەوڵی جیددی بدات بۆ زیاتر پەیداکردنی دۆست بۆ گەشەپێدان لە بواری سەرچاوەکانی وزە، بە تایبەتی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی ھەرێمی کوردستاندا."

جێگری سەرۆکی لاوانی سیاسیی جیھان گوتیشی: "پەیمانم لە ھەردوو بەڕێزان وەرگرت، کە لە ئێستا و ئایندەشدا پشتگیری لە گەلی کوردستان و مافی رەوای لاوانی کوردستان بکەن".

 

هەواڵی پەیوەندیدار